جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بەشیر ئاتالای لە بارەی قۆناغی چارەسەرییەوە گوتی: "تورکیا بۆ خۆی قۆناغی چارەسەری بەڕێوە دەبات و ھیچ لایەنێکی دیکە ناوبژیوانی نێوان حکومەتی و لایەنی کوردیدا ناکات، بۆ خۆمان راستەوخۆ دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین تا ئێستا وامان کردووە و لەمەو بەدواوەیش ھەر وا دەبێ."
پەرلەمانی تورکیا دوو مادەی لە پڕۆژە یاسای قۆناغی چارەسەری کە لە شەش مادە پێکھاتووە پەسەند کرد. لە میانی گفتوگۆ کردن لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە لە پەرلەمان، بەشیر ئاتالای وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانی دایەوە و گوتی: "ئێمە وەکو حکومەت لە دژی مادەی ھۆشبەر شەڕێکی یەکجار گەورەمان کردووە، کاتێک من وەزیری ناوخۆ بووم و دواتریش یەک لەو کارە گرنگانەی کە حکومەت کردوویەتی و ئەنجامی باشی لێوەرگرتووە شەڕی دژی مادەی ھۆشبەر بووە، مادەی ھۆشبەر لە رۆژھەڵاتەوە دەھات و لە رێگای تورکیاوە روانەی ئەوروپا دەکرا بەڵام بە ھۆی شەڕی حکومەت لە دژی مادەی ھۆشبەر شوێنی ترانزیتی ئەو مادانە بۆ ئەوروپا بەرەو باکوور گۆڕا و حاڵی حازر تورکیا بەردەوامە لەسەر شەڕی دژ بە مادەی ھۆشبەر."
ئاتالای گوتی: "ئێمە وەکو تورکیا پێویستیمان بەو پڕۆژە یاسایە ھەیە و لەمێژە باسمان لەو پڕۆژە یاسایە کردووە و دوای ھەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە دیاربەکر کۆڕبەندێکمان رێکخست و لەو کۆڕبەندەدا باسمان لەو پڕۆژە یاسایە کرد. ئەوانەی کە دەڵێن نازانم کە کاتی دەستنیشان کردووە و حکومەت جێبەجێ دەکا وا دیارە چۆنێتی کار کردنی حکومەت نازانن، حکومەت ھیچ ھەنگاوێکی بە نھێنی نەناوە، ئیمە بۆ چارەسەر کردنی ئەو پرسانە ھەوڵ دەدەین، ھەموو ئەوانە بۆ سەلامەتی تورکیاو بۆ دابین کردنی داھاتوویەکی باش بۆ گەلی خۆمان جێبەجێ دەکەین، ئەو قۆناغەی ئێستا لە ئارادایە تورکیا بۆ خۆی راستەوخۆ بەڕێوەی دەبا ھیچ ھێز یا ناوبژیوانێک لە ئارادا نییە، بۆ خۆمان راستەوخۆ دادەنیشین و گفتوگۆ دەکەین، ئەمە رێبازی ئێمەیە بۆ چارەسەر کردنی ئەو پرسە، ئەو رێبازە ھەر بەو جۆرە بەردەوام دەبێ. ھیچ مەکانیزمێکی نێودەوڵەتیمان نەخستووەتە نێو کاروباری قۆناغەکەوە و خەڵک و پەرلەمانیش ھەر رۆژ ئەو ھەنگاوانەی کە جێبەجێ دەکرێن ئاگادار دەکرنەوە."
ھەر دوو مادەی یەکەمی ئەو پڕۆژە یاسایە کە تایبەتن بە ئامانج و چوارچێوەی پڕۆژە یاساکە و جێبەجێکردن، چاودێری کردن و سەرپەرەشتی کردنی قۆناغەکە پەسەند کران.
لە کاتی گفتوگۆ کردن لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەدا جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی مەھەپە ئۆکتای ڤوراڵ داوای کرد کە گفتوگۆ لەسەر رێبازی جێگری سەرۆکی پەرلەمان عایشەنوور باخچەکاپلی بکرێ و داوای ئەوە دەکا کە دانیشتنەکە لەسەر ئەم بابەتە دانیشتنێکی داخراو بێ.