ئیستەنبوڵ
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەنت ئارنچ لەبارەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ رابەری باڵای کۆمەڵی نور فەتحوڵا گولەن گوتی: "بەداخەوە ئەمجارە ناچمە دیداری فەتحوڵا گولەن، چونکە وا ھەستدەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەودا، بەپێی دوا پێشھاتەکان و رەھەندە سیاسییەکانی تورکیا ببێتە جێی رەخنە."
پێش ئەوەی سەفەر بۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بکات، بولەنت ئارنچ کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بۆ رێکخرا. لەبارەی مامۆستا فەتحوڵا گولەنەوە بەمجۆرە وەڵامی پرسیارێکی دایەوە: "دەکرا بیر لەوە بکەمەوە کاتێک گەیشتمە نیویۆرک سەردانی مامۆستای بەڕێز فەتحوڵا گولەن بکەم. لەدڵەوە حەز دەکەم بیبینم. ھەموو کات ئاماژەم بە خۆشەویستی و شوێنی ئەو لەدڵمدا کردووە. بەڵام بەداخەوە ئەمجارە ناچمە دیداری، چونکە وا ھەستدەکەم چاوپێکەوتنم لەگەڵ ئەودا، بەپێی دوا پێشھاتەکان و رەھەندە سیاسییەکانی تورکیا ببێتە جێی رەخنە. نیەتی سەغڵەتکردنی مامۆستام نییە و ناشمەوێ مەسەلەکە لە تورکیا بە جۆراوجۆری شیبکرێتەوە و قسەڵۆکی بۆگەن بەدوای خۆیدا بێنێت. لەبەرئەوە دەمەوێ بڵێم سەرباری زۆر پەرۆشیم بۆ دیداری مامۆستا گولەن، لەم سەردانەمدا ناچم بۆ دیداری و نایبینم."
دوای ئەوەی پرسیار لەبارەی فراوانبوون و زیادبوونی رێژەی خولی بەھێزکردن و فێربوون لەلایەن کۆمەڵی نورەوە کرا، ئارنچ گوتی: "منیش ئاگاداری ئەو فراوانبوونەم کە باسی دەکەی، شتەکە زیاتر لە راگەیاندنەکان گەورە کراوە. مەسەلەکە ھەزارەھا خولی بەھێزکردن و فێربوونە یانیش ھەزارەھا خوێندکار و مامۆستایە. بەڵام پێویست ناکات ھەموو ئەو خول و مامۆستا و خوێندکارانە بە کۆمەڵی خزمەت واتە جەماعەتی نور بزانن. مەرج نییە ھەموو ئەوانە سەر بە کۆمەڵی خزمەت بن. ئامانجی ئەو خولانەی پارە لە خەڵک وەردەگرن دەستکەوتنی پارەیەو ھیچی دیکە. باسی ئەوانە دەکەم پارە و کرێ لە خوێندکاران وەردەگرن. بەڵام خزمەت ھەمان ئەو کارە بە گیانێکی فیداکارییەوە ئەنجام دەدات. جا پێویستە شتەکان لێک جیابکرێنەوە. چونکە ئەگەر ئێوە ھەموو ئەو خولی بەھێزکردن و فێرکردنانە بە موڵکی خزمەت بزانن، ئەوا ناحەقییەکی گەورە بەرامبەر خزمەت دەکەن، بەجۆرێک شتێک بە ئەوانەوە دەلکێنن کە ئەسڵی نییە."
ئارنچ ھەروەھا گوتی: "ھیچ کات ئەو بینایانەی سەر بە کۆمەڵی خزمەتن نەبونەتە ھەڕەشە بۆ سەر وەزارەتی خوێندنی باڵای تورکیاو سیستمی خوێندن لەم وڵاتە. ھەروەھا ھیچ مەبەستێکی لاچەپ لەو خولانەدا نییە تا زیان بە بەرژەوەندیی گشتیی وڵات بگەیەنێ. ھەروەک مامۆستا گولەن خۆیشی ئاماژەی پێدەکات، مەبەست لەو خولی بەھێزکردنانە پێشخستنی کایەی پەروەردەو بەھێزکردنی سیستمی زانین و فێربوونە. تا ئێستایش مامۆستا گولەن ھیچ بیرکردنەوەیەکی خراپ، یان زیانێکی بۆ حکومەتی کۆماری تورکیا نەبووە. ئەو کەسێکە ھەمیشە پشتگیریی کاری باشی کردووە و خۆشەویستیی بۆ حکومەت و سەرۆکوەزیرانەکەی دەرخستووە. لەبارەی داخستنی ئەو بینایانەش کە خولی فێربوونیان لێ بەڕێوەدەچێ مامۆستا گولەن ھەرگیز نەیگوتووە با دانەخرێ، ھەمیشە دەڵێ دایمەخەن و خۆتان بەڕێوەی ببەن، با خوێندکارانمان لە سوودەکەی بێبەش نەبن. ئەو گوتەیەی مامۆستا فیداکارییەکی دیکەیە. بۆیە پێویستە رێز لەو بیرکردنەوەیە بگیرێ."