ئیسته‌نبوڵ
عه‌بدوڵا گوڵ میوانداریی كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی " İSEDAK" كرد، كه له‌لایه‌ن سه‌نته‌ری Hilton Conventionه‌وه رێك خرابوو.
گوڵ له 29 یه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی رێكخراوه‌كه‌دا كه تایبه‌ت بوو به گه‌شه‌دان به بواری بازرگانی و ئابووری، خۆشحاڵی بهپێشوازیكردنی نوێنه‌رانی وڵاتانی به‌شداربووی رێكخراوه‌كه ده‌ربڕی و گوتی: رێكخراوه‌كه له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه، په‌یوه‌ندی برایه‌تی و ئاشتی نێوان نه‌ته‌وه‌كانی به‌هێز كردوه، باوه‌ڕم وایه گفتۆگۆكانی رێكخراوه‌كه له‌گه‌ڵ وڵاتان په‌یوه‌ندیی برایه‌تی و ئاشتی به‌هێز ده‌كا.
جیهان له رووی ئابوری و كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسیه‌وه به‌سه‌رده‌مێكی ناخۆشدا تێده‌په‌ڕێ، روداوه‌كانیش كاریگه‌ریان له‌سه‌ر جیهانی ئیسلامی داناوه.
گوڵ گوتی: "به‌هۆی ته‌نگژه‌ی ئابوریه‌وه جیهان ڕووبه‌ڕوی بێكاری بۆته‌وه، رۆژ له‌دوای ڕۆژ مه‌ودای نێوان هه‌ژار و ده‌وڵه‌مه‌ند فراوانتر ده‌بێ، ده‌بێت رێگری له‌م ته‌نگژه‌یه بكه‌ین و هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی بده‌ین. له‌لایه‌كی تره‌وه ته‌نگژه‌كه كاری له جیهانی ئیسلامی كردوه، بۆته هۆی سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕ و شۆڕ له‌نێوان موسڵمانان، هه‌ندێ وڵاتی ئیسلامی رووبه‌ڕووی شه‌ڕ بوونه‌ته‌وه، ڕۆژانه چه‌ندین وێنه و رووداوی دڵته‌زین له وڵاته هاوسێكانمان ده‌بینین."
سه‌ركۆماری توركیا له‌درێژه‌ی گوته‌كانیدا ئاماژه‌ی به‌شه‌ڕی ناوخۆیی سوریا كرد و گوتی: "به‌هۆی شه‌ڕی ناوخۆوه گه‌لی سوریا یه‌كتری له‌ناو ده‌به‌ن، ئه‌و شه‌ڕه نزیكه‌ی 3 ساڵه به‌رده‌وامه، به‌هۆیه‌وه زیاد له 100 هه‌زار كه‌س بوونه‌ته قوربانی و به‌ملیۆنان كه‌س ئاواره‌ی وڵاتانی دراوسێ بوون، پێویسته به‌خه‌مباریه‌وه به‌دواداچوونی بكه‌ین و چاودێریی گۆڕانكاریه‌كان بین تا هه‌رچی زووه كێشه‌كه چاره‌سه‌ر بكرێ، له‌ئێستادا نه‌وه‌ی داهاتوو رووبه‌ڕوی شه‌ڕ و پێكدادان بوونه‌ته‌وه له سوریا."
وڵاتانی ئه‌ندام ئه‌ركێكی زۆریان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشانه له‌ئه‌ستۆدایه، ئه‌گه‌ر جیهانی ئیسلامی هه‌وڵی چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشانه نه‌دات، ئه‌گه‌ر ئێمه وه‌ك ئه‌ندامی كۆمه‌ڵه‌كه چاره‌سه‌ری كێشه‌كه نه‌كه‌ین، دوور نییه كهسانێكیتر به‌رێگاچاره‌ی خۆیان بێنه ناو مه‌سه‌له‌كه‌وه و ده‌ست وه‌ربده‌نه پرسه‌كه. پێش هه‌موو كه‌سێك پێویسته خۆمان ماڵی خۆمان رێك بخه‌ین، ئه‌گه‌ر ئاگر له ماڵی ئێمه یان وڵاتی دراوسێمان بێت، پێویسته له‌سه‌روو هه‌موو كه‌سێكه‌وه خۆمان ئاگره‌كه بكوژێنینهو، به‌پێچه‌وانه‌وه رووداوه‌كه كاریگه‌ریه‌كی گه‌وره‌ی بۆ سه‌ر خۆمان ده‌بێت، له‌به‌رئه‌وه بانگهێشتی سه‌رجه‌م وڵاتانی ئه‌ندام ده‌كه‌م كه هه‌وڵه‌كانیان چڕتر بكه‌نه‌وه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگا چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان. هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌وڵ بده‌ین چاره‌سه‌ری ته‌نگژه‌ی ئابوری بكه‌ین كه به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو لهفراوانبووندان، پێویسته به هاوكاریی هه‌موو لایه‌ك به ڕۆحیه‌تێكی فراوان و هاوبه‌شه‌وه به‌دوای رێگاچاره‌ی كێشه‌كاندا بگه‌ڕێن، چونكه ئه‌م كێشانه بوونه‌ته هۆی ناسه‌قامگیری و سه‌رهه‌ڵدانی كێشه‌ی ئابوری و بارزگانی، هه‌ریه‌كێك له‌مانه‌ش بوونه‌ته به‌ربه‌ست له‌سه‌ر ئاسایشی وڵاته‌كانمان.
گرنگی رێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی زیاد بووه
سه‌ركۆماری توركیا گوڵ له به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌ی رێكخراوی هه‌ره‌وه‌زی ئیسلامی‌دا ئاماژه‌ی به‌گرنگی رێكخراوه‌كه كرد بۆ بوژاندنه‌وه‌ی ئابووریی وڵاتان و گوتی: رێكخراوه‌كه توانیویه‌تی هه‌نگاوی ئابوری به‌ره‌و پێش به‌رێت، دڵنیاین رێكخراوه‌كه ده‌توانێت هاوكار بێت بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری و ناونیشانێكی دروست ده‌بێت بۆ فراوانكردن. له سهردهمهكهماندا سه‌رمایه سنوری نییه، ده‌بێت ڕێگا بده‌ین به بازاڕی تایبه‌تیش تێكه‌ڵ به‌چاره‌سه‌ر كردن بێت.
تیرۆر له جیهانی ئیسلامی شوێنی نییه
گوڵ گوتیشی: به‌شێوه‌یه‌كی جددی نیگه‌رانی و ترس له ئیسلام ده‌كرێت " ئیسلامۆفۆبیا" له‌لایه‌ن وڵاتانه‌وه، مه‌سه‌له‌یه‌كی گرنگه بۆ جیهانی ئیسلامی، به‌داخه‌وه هه‌ندێ لایه‌نی ڕه‌شبین به‌كاره قێزه‌ونه‌كانی دوور له ڕه‌وشتی ئاینی ئیسلام و به پروپاگه‌نده نابه‌جێكانیان و كاره تێرۆریستیهكانیان هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئیسلام له‌كه‌دار بكه‌ن، گرنگترینیان چالاكیی رێكخراوه تێرۆرستیهكانه كه به‌ناوی ئیسلامه‌وه ئه‌نجامی ده‌ده‌ن. پێویسته هه‌موو لایه‌ك پێكه‌وه به‌ره‌نگاری ئه‌و جۆره كاره نابه‌جێیانه بكه‌ین كه ڕووبه‌روی جیهانی ئیسلامی ده‌بنه‌وه، ئیسلام ئاینی پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتییه، هه‌ندێ لایه‌ن به كاری تیرۆریستی هه‌وڵی ناشیرینكردنی ئاینه‌كه‌مان ده‌ده‌ن، ئاینمان ئاینی برایه‌تی و پێكه‌وه ژیانی نه‌ته‌وه‌كانه، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك به‌بێ هیچ هۆكارێك سزای كه‌سێك نادات، رێگه به‌كوشتنی بێ‌تاوان نادات، بۆیه تیرۆر له جیهانی ئیسلامدا جێگای نابێته‌وه.
ئیحسان ئۆغڵو: رێكخراوه‌كه‌مان له جیهاندا ئه‌كته‌رێكی باوه‌ڕپێكراوه
هه‌روه‌ها سه‌رۆكی رێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی ئهكمهلهدین ئیحسان ئۆغڵو له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گوتی: "دڵخۆشم بهگۆڕانكاریهكان و به‌رزكردنه‌وه‌ی رێكخراوه‌كه‌مان له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی وڵاتانی هاوبه‌ش بۆ بواری ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیی وڵاتانی ئیسلامی."
گوتیشی: ئه‌مڕۆ رێكخراوه‌كه‌مان به‌هۆی هاوكاریكردنی له به‌رزكردنه‌وه‌ی ره‌وشی كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابوریی جیهان له‌لایه‌ن جیهانه‌وه باوه‌ڕپێكراوه و پێگه‌یه‌كی به‌هێزی له‌سه‌قامگیركردنی ئاشتی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه، بۆیه وه‌ك ئه‌كته‌رێكی باوه‌ڕپێكراوه له جیهاندا ڕۆڵ ده‌بینین.
رێكخراوی هاوكاریی ئیسلامی ساڵانه كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌به‌ستێت، بۆ تاوتوێكردنی ره‌وشی بازرگانی و ئابوریی جیهان، هه‌روه‌ها چاو به‌كاره‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌دا ده‌خشێننه‌وه تابتوانن به‌شێوه‌یه‌كی باشتر خزمه‌ت به‌جیهانی ئیسلامی بكه‌ن.