Sarp Özer
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
ئه‌نقه‌ره-AA
وه‌زیری به‌رگریی توركیا، خولوسی ئاكار وێڕای نیشاندانی كاردانه‌وه به‌رامبه‌ر كاره ئیستیفزازییه‌كانی دژی قورئانی پیرۆز و سه‌ركۆماری توركیا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان له ماوه‌ی رابردوودا له سوید، سه‌باره‌ت به پێواژووی ئه‌ندامێتیی سوید و فینلاند له ناتۆش رایگه‌یاند: "ئه‌وه‌ی كه چاوپۆشی بكه‌یت له هه‌موو هه‌وڵێكی بێڕه‌وشتیی، شه‌رمه‌زاریی و قێزه‌ون، بێده‌نگ بیت له‌به‌رامبه‌ریدا و رێكار نه‌گریته به‌ر، شتێكی نییه مایه‌ی قبوڵكردن بێت. تا ئه‌و كاته‌ی به‌مشێوه‌یه بڕوات، هه‌ڵوێستمان زۆر روون و ئاشكرا ده‌بێت".
ئاکار سه‌رۆكایه‌تی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كرد كه له رێگه‌ی ڤیدیۆكۆنفڕانسه‌وه به‌ڕێوه‌چوو، هه‌ریه‌ك له سەرۆکی ئەرکانی سوپا، یاشار گولەر، فەرماندەی هێزە وشکانییەکان، مووسا ئاڤسهڤەر، فەرماندەی هێزه دەریاییه‌كان، ئه‌رجومه‌نت تاتڵیئۆغڵو، فەرماندەی هێزه ئاسمانییه‌كان، ئاتیلا گولان و جێگرانی وەزیری به‌رگریی، یونس ئهمرە کارائۆسمانئۆغڵو، شوای ئاڵپای، ئاڵپاسلان کاڤاکلیئۆغڵو و موحسین ده‌رە و فه‌رمانده‌كانی یه‌كه‌كان، به‌شدارییان تێدا كرد.
- "له‌ماوه‌ی مانگی رابردوودا ١٣٤ تیرۆریست له چالاكی خراون"
خولوسی ئاكار تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی خه‌باتی سوپای توركیا دژی تیرۆریستان به‌رده‌وامه.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد تاكه ئامانجی سوپای وڵاته‌كه‌ی بریتییه له ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایشی سنووره‌كان و هاووڵاتییان و رایگه‌یاند:
"بێ ئه‌وه‌ی هیچ جیاوازییه‌ك بكه‌ین، به‌ره‌نگاری سه‌رجه‌م رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان ده‌بینه‌وه. به‌ره‌نگاری په‌كه‌كه/یه‌په‌گه، داعش و فه‌تۆ ده‌بینه‌وه. به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گرووپه نه‌ته‌وه‌یی، ئایینی، مه‌زهه‌بییه‌كان جێگه‌ی باس نییه. ناوی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان هه‌رچییه‌ك بێت، تا ئه‌و كاته‌ی زیان به وڵاته‌كه‌مان و گه‌له‌كه‌مان بگه‌یه‌نن، به‌ره‌نگاریان ده‌بینه‌وه. پشت به‌خوا گه‌له ره‌سه‌نه‌كه‌مان له به‌ڵای تیرۆر كه ماوه‌ی ٤٠ ساڵه یه‌خه‌ی گرتووه، رزگارده‌كه‌ین. هه‌ركه‌س پشتیوانیی كردبن، با بیكات، ئێمه به مكوڕییه‌وه و به ئیراده‌وه، به‌ره‌نگاریان بووینه‌ته‌وه و به‌رده‌وام ده‌بین. له ٢٤ی ته‌مووزی ٢٠١٥ه‌وه تا ئه‌مڕۆ، كۆی گشتیی ٣٧ هه‌زار و ٤٧٤ تیرۆریست و له ماوه‌ی مانگی رابردوودا، ١٣٤ تیرۆریست له چالاكی خراون".
- پێواژووی ئه‌ندامێتیی سوید و فینلاند له ناتۆ
سه‌باره‌ت به پێواژووی ئه‌ندامێتیی سوید و فینلاند له ناتۆ، ئاكار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد هه‌میشه پشتیوانی له سیاسه‌تی ده‌رگای كراوه‌ی ناتۆ ده‌كه‌ن.
وه‌زیری به‌رگریی توركیا جه‌ختی له‌وه كرده‌وه كه وڵاته‌كه‌ی دوژمنی سوید و فینلاند نییه و دژایه‌تیی ئه‌ندامێتیی ئه‌و دوو وڵاته له ناتۆدا ناكات و رایگه‌یاند:
"ئه‌وان به چ شێوه‌یه‌ك بیانه‌وێت له‌پێناو به‌رگرییكردن له وڵاته‌كه‌یان هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ناتۆ بكه‌ن، ئێمه‌ش ده‌مانه‌وێت له پرسی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا هه‌ماهه‌نگیمان له‌گه‌ڵ بكرێت و پشتیوانیی بكرێین. ئه‌وان له‌پێناو به‌رگریی و ئاسایشی وڵاته‌كه‌یان داوای هاوكاریی له ئێمه ده‌كه‌ن، به‌ڵام داواكارییه‌كانی ئێمه له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆردا، ره‌تده‌كه‌نه‌وه. ئه‌وه‌ی كه چاوپۆشی بكه‌یت له هه‌موو هه‌وڵێكی بێڕه‌وشتیی، شه‌رمه‌زاریی و قێزه‌ون بۆ سه‌ر توركیا، سه‌ركۆمارمان، ئاڵاكه‌مان و قورئانی پیرۆز و بێده‌نگ بیت له‌به‌رامبه‌ریدا و رێكار نه‌گریته به‌ر، شتێكی نییه مایه‌ی قبوڵكردن بێت. تا ئه‌و كاته‌ی به‌مشێوه‌یه بڕوات، هه‌ڵوێستمان زۆر روون و ئاشكرا ده‌بێت. ئێمه چاوه‌ڕێین هه‌رچی زووه، سوید و فینلاند هێزی ده‌وڵه‌ت نیشانبده‌ن و به‌ڵێنه‌كانیان به‌رنه سه‌ر و كۆتایی به هه‌وڵه قێزه‌ون و بێڕهوشتانهكان بهێنن. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه به‌جێگه‌یه‌ندرا، ئێمه هیچ گرفتێكمان نییه".