ئورفا
ماوەی نزیکەی سێ مانگە شەڕ و پێکدادان لە نێوان ھێزە کوردییەکان و چەکدارانی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە (داعش) لە کۆبانێ بەردەوامە و خەڵکی شارۆچکەکە بۆ پاراستنی گیانیان روویان لە سنوورەکانی تورکیا کردووە و سەرجەم ماڵ و کەلوپەل و مەڕ و ماڵاتیان جێھێشتووە، ئێستاش شارۆچکەکە بووەتە گۆڕەپانی پێکدادانەکان.
ئاوارەکانی شارۆچکەی کۆبانێ روویان لە سنوورەکانی تورکیا کردووە و لە لایەن رێکخراوی ئافادی سەر بە حکوومەتی تورکیاوە لە کەمپەکان نیشتەجێ کراون، کە زۆرینەیان لە ژن و منداڵ و پیر پێکدێن.
بە ھاوکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کەمپێکی پێنج ھەزار کەسی لە شارۆچکەی سروچ بۆ ئاوارەکانی کۆبانێ کراوەتەوە، کە زۆرێک لەو ئاوارانە لەگەڵ سەختی ژیانیان لە کەمپەکان ھەوڵی مانەوە لە ژیان دەدەن، بەڵام دڵگرانن بەوەی کە منداڵەکانیان بێبەشن لە خوێندن.
بەرپرسی کەمپەکە محەمەد کایھان، لە لێدوانێکدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بە نیشتەجێ بوونی نزیکەی ٥٠٠ پەنابەر لە چادرەکاندا کرد و گوتی: "پێویستی لۆجیستیی زۆر کەمە، ھەوڵ دەدەین کەموکوڕییەکان بە شێوەیەکی کاتیی چارەسەر بکەین، لە ماوەیەکی نزیکیشدا ھەوڵ دەدەین پەروەردە بە زمانی کوردی بە منداڵانی کەمپەکە بدەین".
کایھان ھەروەھا گوتی: "ژمارەی ئاوارەکان لە کەمپەکە گەیشتووەتە پێنج ھەزار کەس، بۆیە گەورەترین کەمپین لە ناوچەکە، حەفتەیەکی دیکە خوێندنگەکەمان دەست دەکات بە چالاکییەکانی، ئەو چادرانەی کە وانەی تیادا دەگوترێتەوە ئامادەن، ھەروەھا مامۆستای خۆبەخش هەیە و حەفتەیەکی دیکە دەست دەکەین بە وانە گوتنەوە و لە ئێستاشدا نزیکەی ٨٠٠ خویندکارمان ھەیە".
ئەوریم چیمەنی تەمەن حەوت ساڵ کە ئاوارەیەکی کۆبانێیە لە شارۆچکەی سروچ، ئاماژەی بە بێتاقەت بوونیان لە کەمپەکە کرد و گوتی: "خۆشحاڵ دەبین کە پێدوایستی خوێندنگە بۆ کەمپەکە دێنن".