Mohammed Baqi Hussein
25 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆسەر پێگەکانی تیرۆریستان لە باکووری سووریا بەردەوامە و لە ١٥٥ ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١٨٠ پێگەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش کرانە ئامانج و ١٧ تیرۆریستی رێکخراوەکە کوژران.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن سوپای تورکیاوە بڵاوکراونەتەوە، ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کە لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦ەوە بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سنوور لە باکووری سووریا دەستی پێکردووە، درێژەی ھەیە.
لە ١٥٥ ـەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا، ١٨٠ شوێنی حەوانەوە، سەکۆی بەرگریی، جبەخانە و ئۆتۆمبیلی چەکدارانی داعش کە پێشتر دیاریی کرابوون، کرانە ئامانج و لەناوبران.
لە ئۆپەراسیۆنەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەربە ھێزی ئاسمانیی تورکیاشدا، بینایەکی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ئەلباب خاپوور کرا. بەڵام ھێزەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ھیچ ھێرشێکیان ئەنجام نەدا.
لەئەنجامی ھێرشە ئاسمانیی و زەمینییەکانیشدا بەدرێژایی رۆژ، ١٧ تیرۆریستی داعش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە ٣٠ بۆمبی دەستکرد لەلایەن ئەو تیمانەوە پووچەڵکراونەتەوە کە پشتیوانیی ھێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکەن و لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەشەوە تا ئێستا ٣ ھەزار و ١٤٩ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و ٥٥ مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو، تەقێنراونەتەوە.