Bestami Bodruk
02 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2020
دیاربەکر- AA
ئێشکگری دایکانی دیاربەکر لەبەردەم بینای مەڵبەندی سەرەکی هەدەپە بەردەوامە و داوای گەڕانەوەی جگەرگۆشەکانیان دەکەن کە رفێندراون بۆ شاخ.
ئەو دایکانە، هەدەپە بە بەرپرسیار لە رفاندنی منداڵەکانیان لەقەڵەم دەدەن و لە سێی ئەیلوولەوە دەستیان بە ئێشکگری کردووە.
سۆنگول ئاڵتنتاش، یەکێکە لەو دایکانە کە ماوەی شەش ساڵە کوڕەکەی لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە رفێندراوە.
سۆنگول ئاڵتنتاش سوورە لەسەر ئەوەی تا کوڕەکەی نەگەڕێتەوە بەردەم بینای مەڵبەندی هەدەپە چۆڵ ناکات و گوتی: "هەرچییەکمان کرد پەکەکە کوڕەکەی بۆ نەگەڕاندینەوە. لە کۆتاییدا دایە هاجیرە لێرە دەستی بە ئێشکگری کرد و ئێمەش هاتین بۆ ئێرە، ئەو منداڵەکەی وەرگرتەوە، پشت بە خوا ئێمەش منداڵەکانمان وەردەگرینەوە. من کوڕەکەم لە پەکەکە و هەدەپە دەوێتەوە تا وەرینەگرمەوە لێرە ناڕۆم".
ئەسمەر کۆچ، دایکێکی دیکەیە کە لە شارۆچکەی شەمزینان سەربە پارێزگای هەکاری-یەوە هاتووە و حەوت ساڵ بەر لەئێستا کچە ١٥ ساڵەکەی رفێندراوە بۆ شاخ.
ئەسمەر کۆچ باس لەوە دەکات لە ساڵی ٢٠١٣وە بۆ گەڕاندنەوەی کچەکەی هەموو رێگایەکیان گرتووەتەبەر و گوتی: "هیچ هەواڵێک لە کچەکەم نییە. نازانم زیندوە یان مردووە. منیش وەک ئەم دایکانە بەشداری ئێشکگریم کرد. منیش منداڵەکەم لە هەدەپە دەوێتەوە، چونکە هەدەپە سەرۆکی پەکەکە-یە. تا هەدەپە مۆڵەت نەدات هیچ منداڵێک نابرێتە شاخ".
ئەسمەر کۆچ داوای لە کچەکەشی کرد رێگایەک بدۆزێتەوە لە رێکخراوەکە هەڵبێت و خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەکان بکات.