Kosar OSMAN
24 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 کانوونی دووەم 2016
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان سەڵاحەدین دەمیرتاش لەبارەی هەنگاوەکانی دەستووری نوێی تورکیا بەمشێوەیە زانیاریی دا: "ئێمە بەشداریی لە کاروبارەکانی گۆڕینی دەستوور دەکەین و ئەندامیشمان لە کۆمیسیۆنی هەموارکردنەوەی دەستووردا دەبێت. بەڵام لێرەدا مەبەستمان ئەوە نییە بڵێین ئەو دەستوورەی ئەوان دەینووسنەوە لە چوارچێوەیەکی دیموکراسیانەیە. بەڵکو مەبەستمان ئەوەیە بۆ ئەو خەڵکە روون بکەینەوە کە ئەوان بە ئامانجێک کۆدەبنەوە".
دەمیرتاش لەمیانەی بەشداربوونی لە شەشەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی گشتیی هەدەکە چەند روونکردنەوەیەکی دا و گوتی هاوشانی یەکتر رێ دەکەن تا ئەو کاتەی هەدەکە دەگاتە ئاستی شایستەی خۆی.
دەمیرتاش بەمجۆرە بەردەوام بوو: "ئەو کادیرانەی لە ناوەوە هەدەکە بەڕێوەدەبەن، بە تەواوی شارەزای سیاسەتی دەرەوەی نین. بێگومان ئەوە کەموکوڕییە. جا پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت. بەتایبەتی بۆ بەڕێکراوەیی کردنی هەدەپە هەنگاوێکی پێویستە. ئێمە بەرگری لەو سیاسەتە دیموکراسییە دەکەین کە لێوەی لەدایکبووین. داکۆکی لەو گەڕەک و گوند و شارانە دەکەین کە ئافرەتانیان بە مافی خۆیان نەگەیشتوون. ئێمە داکۆکی لەو خەڵکەی خۆمان دەکەین و لە پەرلەمان وەک نوێنەرێکی راستەقینەی ئەوان کێشەکان دەخەینە بەر باس و چارەسەریان دەکەین".
دەمیرتاش چووە سەر باسی گرژییەکانی دیاربەکر و جزیر و گوتی: "هەنووکە 20 برینداری سڤیل لە جزیر هەن کە ناتوانن سەردانی نەخۆشخانە بکەن. ئێمە کەوتووینەتە وێزەی ئەوانەوە و قسەمان لەسەر دەکرێت، بەهۆی ئەوەی هەوڵمان داوە چەند بریندارێک لە ماڵەکانیانەوە بەهۆی ئامبوڵانسەوە بگوازینەوە. ئەمە شتێک نییە پێی بچووک بینەوە. بەڵام لێرەدا مەبەستم ئەوەیە کە چیتر رێ بەو کەسانە نەدەین بوونەتە هۆکاری ئەم بارە".
هاوسەرۆکی هەدەپە بەمشێوەیە لە قسەکانی بەردەوام بوو: "وەزارەتێک یان دەوڵەتێک بینەری هاووڵاتیی خۆی بێت و چاوەڕێی مردنی بکات، لەکاتێکدا ئەو هاووڵاتییە خوێنی لەبەر دەڕوات، هەرگیز نابێتە دەوڵەت. هەرگیز ناتوانن ئەم بیرکردنەوە نەفرەتییەی خۆیان بە شێوەیەکی ئاسایی بە ئێمە بفرۆشن. پزیشک سوێندێکی هەیە کە بەر لە دەستبەکاربوونی خواردووێتی. جا دەوڵەتیش پێویستە ئەمە جێبەجێ بکات. بەڵام ئەم دەوڵەتە ئەمبوڵانس و کارمەندی تەندروستی و نەخۆشخانەکان بە ماڵی خۆی دەزانێت. ئەوە لەکاتێکدایە کە هەموو ئەمانە موڵکی گەلن".