Abdullah Shukur
03 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 04 شوبات 2017
ئێلازغ
سەرۆکی شارەوانی پێشووی ماردین، ئەحمەد تورک کە لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەی تیرۆر دەستبەسەر کرابوو، بە مەرجی چاودێری دادیی بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەرکرا.
ئەحمەد تورک لە کاتی ھاتنەدەرەوەی لە زیندانی ئێلازغ، لە لایەن ئەندامانی پارتەکەی و کەسوکاری پێشوازی لێکرا.
ئەحمەد تورک لێدوانی پێشکەش بە رۆژنامەنووسان کرد و رایگەیاند کە ئازادبوون لە زیندان ھەستێکی خۆشە، بەڵام خەمباریشی لە دوای خۆی جێھێشتووە.
ئەحمەد تورک دەستبەسەرکردنی ھاوسەرانی گشتی ھەدەپە و ئەندامانی پارتەکەی وەبیرھێنایەوە و گوتی: "زیاتر لە ٧٠ سەرۆکی شارەوانی لە ژوورەوەن (زیندان). ھیوادارام کە لە تورکیا ئەقلێکی ھاوبەش دروست دەبێت و گشت نەرێنییەکان نامێنن. ئیتر پێویستە لەم وڵاتە ئەقل بکەوێتە جوڵە. ئیتر قۆناغی ئەوەیە کێشەکان بە ئەقلێکی ھاوبەش چارەسەر بکرێت. من تاکو ئەمڕۆ زۆر قۆناغم تێپەراندووە. دواجار بەدەر لە ئاشتی ھیچ چارەسەرێکی دیکە نییە".
دواتر ئەحمەد تورک لەگەڵ خانەوادەکەی لەو شوێنە جیابووەوە.
دادگای سزای ماردین بە مەرجی چاودێری دادی و قەدەغەی چوونی بۆ دەرەوەی وڵات بڕیاری ئازادکردنی بۆ دەکردبوو.
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦ سەرۆکی شارەوانی پێشووی ماردین ئەحمەد تورک-ی لە پۆستەکەی لادابوو. دواتر لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوە لە پرسی تیرۆر لە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٦ دەستبەسەر کرابوو.