Kaan Bozdoğan,Zeynep Rakipoğlu
28 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 28 مای,س 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە کرد کە براوەی هەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار و ٢٨ی ئایاریش ٨٥ ملیۆن هاووڵاتیی تورکیایە و گوتی: "ئێمە گوتمان بە شێوەیەک دەیبەینەوە وەک ئەوەی کەس نەیدۆڕاندبێت. کەوابوو ئەوەی ئەمڕۆ بردیەوە تەنیا تورکیایە. بێ ئەوەی سازش بکەین لەسەر دیموکراسیی و گەشەپێدان و ئامانجەکانمان، ئێستا دەرگای سەدەی تورکیامان کردەوە، هەمیش بەیەکەوە کردمانەوە".
لە گوتارێکیدا بۆ ئەو هاووڵاتییانەی لە بەردەم ماڵەکەیدا لە ناوچەی کسکڵی لە ئوسکودار کۆببوونەوە، ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە هەڵبژاردنی سەرکۆمار لە ٢٨ی ئایاردا گفتوگۆی نێوان خۆی و گەل بە بڵێسەی دیموکراسی شێوەی گرتبوو.
ئەردۆغان رایگەیاند: "وەک چۆن ئاسن بە ئاگر دەبێتە پۆڵا. ئیرادەی ئێوەش لەسەر سندوقی دەنگدان تورکیای کردە هێزێک کە ناچەمێت و ناشکێت و ژەنگ ناگرێت".
سەرکۆماری تورکیا باسی لە کاندیدی هاوبەشی هاوپەیمانی میللەت و سەرۆکی گشتیی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد و، رایگەیاند: "لێرەوە حساباتێک بۆ تورکیا دەکەم. ئەها (کڵچدارئۆغڵو) دەڵێت من شارەزای حساباتم.. ئایا دەزانن لە ٢٠١٨دا ژمارەی پەرلەمانتارانی جەهەپە چەند بوو؟ ١٤٦. لە ٢٠٢٣دا واتا لەم هەڵبژاردنەدا ١٦٩ە، بەڵام پەرلەمانتاری بەکرێدراوی داوە بەو پارتانەی کە دیارە خاوەنی تێکڕا لە سەدا یەکی دەنگ نین. چەند. ٤٠ دانە. باشە چی بوو. ئێستا ژمارەی پەرلەمانتارانی جەهەپە دابەزیوە بۆ ١٢٩ پەرلەمانتار. شارەزای حساباتە و زۆر باش ئەم کارانە دەزانێت. بەو شێوەیەش پێدەچێت بەهۆی لەدەستدانی ئەندام پەرلەمانەکانەوە جەهەپە لێپرسینەوە لە بای بای بای کەمال بکات. ئێمە دەڵێین براوەی هەڵبژاردنەکەی ١٤ی ئایار و ٢٨ی ئایاریش ٨٥ ملیۆن هاووڵاتییمانە".
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە پێشتر شتێکی دیکەشی گوتووە و رایگەیاند: "ئێمە گوتمان بە شێوەیەک دەیبەینەوە وەک ئەوەی کەس نەیدۆڕاندبێت. کەوابوو ئەوەی ئەمڕۆ بردیەوە تەنیا تورکیایە. بێ ئەوەی سازش بکەین لەسەر دیموکراسیی و گەشەپێدان و ئامانجەکانمان، ئێستا دەرگای سەدەی تورکیامان کردەوە، هەمیش بەیەکەوە کردمانەوە".
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریان بە متمانەی گەلە تەواو کردووە و گوتی: "سوپاسی گەلەکەم دەکەم کە لە نێوان دوو جەژندا جەژنێکی دیموکراسییان بۆ هێناین".
راشیگەیاند: "سوپاسی هەر تاکێکی گەلەکەمان دەکەم کە بە بژاردەی خۆیان جارێکی دیکە بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنی وڵاتیان بۆ پێنج ساڵی داهاتوو پێسپاردین".
ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە ئەنجامی هەڵبژاردنەکان جارێکی دیکە نیشانی دا کە کەس بۆی نییە چاو ببڕێتە دەستکەوتەکانی ئەم وڵاتە و گوتی: "کەس ناتوانێت گەنجانمان راپێچی تاریکی بێبنی خۆی بکات. کەس ناتوانێت پەنجە بەرامبەر تورکیا راوەشێنێت".
گوتیشی: "کەس ناتوانێت هەڕەشە لە تورکیا بکات. بۆ ئەوەیش لە رێکخراوی تیرۆریستییەوە تا ژوورە تاریکەکان ناتوانێت کەس بکات بە گژماندا. هیچ کەسێک ناتوانێت دەستببات بۆ ماف و ئازادی گەلەکەمان. هیچ کەسێک ناتوانێت بێڕێزی بەرامبەر بە گەلەکەمان بکات. کەس ناتوانێت گەنجانمان راپێچی تاریکی بێبنی خۆی بکات. کەس ناتوانێت پەنجە بەرامبەر تورکیا راوەشێنێت".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەی گوتارەکەیدا بۆ لایەنگرانی رایگەیاند: "خوشک و برایانم ئایا جەهەپەیە هاوڕەگەزخوازە؟ ئایا هەدەپە هاوڕەگەزخوازە؟ ئایا ئیی پارتی هاوڕەگەزخوازە؟ ئایا ئەو لایەنە بچووکانەی کە لەگەڵیانن هاوڕەگەزخوازن؟ ئەی ئایا هاوڕەگەزخوازی دەتوانێت دزە بکاتە ناو ئاک پارتی؟ یان مەهەپە و ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانی جمهوور؟ هەربۆیە لەبیرتان نەچێت هەموو هەڵبژاردنێک بۆ ئێمە دووبارە لەدایکبوونەوەیە. لای ئێمە خێزان پیرۆزە، کەس ناتوانێت بێڕێزی بەرامبەر بە خێزان بکات. توندوتیژی بەرامبەر بە رەگەزی مێ لای ئێمە قەدەغە و حەرامە".
ئەردۆغان جەختی لەوەش کردەوە کە لە ماوەی ئایندەدا هەموو ئەو بەڵێنانە دەبەنەسەر کە بە گەلیان داوە، چونکە ئەوان هیچ بەڵێنێک نادەن کە نەتوانن جێبەجێی بکەن.
- ئەردۆغان لە کۆشکی کۆماری گوتار پێشکەش دەکات
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەی ئاشکرا کرد کە ئێستا بەرەو ئەنقەرە بەڕێ دەکەوێت و ئەمجارە لەبری گوتاری بالکۆن، لە کۆشکی کۆماری گوتارەکەی پێشکەش دەکات.
سەرکۆماری تورکیا سوپاسی دانیشتووانی ١١ پارێزگا کارەساتبارەکەی تورکیاشی کرد و رایگەیاند: "ئەوان لە کابینە و چادردا دەنگیان دا. بەمەش گەورەییان نواند. خوا لێیان رازیبێت. هەروەک پێشتریش گوتبووم پشت بەخوا لە ماوەی ساڵێکدا ئەو خانووانەی دروست دەکرێن رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێن".
جێی ئاماژەیە، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و دەرکەوتنی ئەنجامەکانی و سەرکەوتنی سەرکۆمار، رەجەب تەیب ئەردۆغان، هەزاران هاووڵاتیی بۆ دەربڕینی خۆشی خۆیان لەبەردەم ماڵەکەی ئەردۆغان لە ئیستانبوڵ کۆبوونەوە و بەدەم گوتنەوەی گۆرانی و شەکاندنەوەی ئاڵای تورکیا هەستی خۆیان دەربڕی.
ئەردۆغان دوابەدوای گوتارەکەی سوپاسی ئامادەبووانی کرد و بەرەو ئەنقەرە بەڕێکەوت.