Mazın Asad
24 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2015
ئەنقەرە
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکەکەی رووسیا بەھۆی بەزاندنی کایەی ئاسمانی تورکیا گوتی: "ئێمە نامانەوێت ببینە گەواھیدەری ئەم جۆرە رووداوانە بەڵام ناچار کراین. ئەم رووداوە لە چوارچێوەی ئەو یاسایانە روویداوە کە تورکیا لەمەوپێش رایگەیاندووە. بابەتی دوژمنایەتی تورکیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ وڵاتانی دیکە جێگەی باس نییە. ھۆکاری روونەدانی زۆر رووداوی دڵتەزێنی دیکە لە سووریا گیانی خۆڕاگری تورکیا بووە. کەسیش گومانی لەوە نەبێت کە بۆ پێشگری لەم رووداوە ھەوڵی خۆمان خستووەتەگەڕ، پێویستە ھەموو کەسێکیش رێز لە مافی تورکیا لە پاراستنی سنوورەکانی خۆی بگرێت".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئێوە خیانەتکردن لە بارھەڵگرەکانی میت دەزانن وا نییە؟ کەسانێک بێ ئەوەی شەرم بکەن ھەتا ئێستا ئەمە لە مانشێتی رۆژنامەکانیان دادەنێن. ئەم بارھەڵگرانە ھاوکاریان بۆ تورکمانەکانی بایربوجاک لە سووریا دەنارد. ھەندێک کەس دەڵێن 'سەرۆکوەزیران ئەردۆغان گوتوویەتی لە نێو ئەم بارھەڵگرانە چەک نییە' باشە ئەگەر ھەبێت یان نەبێت چییە؟ ئێمە ھاوکاری مرۆییمان بۆ ئەو شوێنە بردووە. ھاوکاریمان بۆ خەڵکی ستەم لێکراو و برا تورکمانەکانمان بردووە. ئەوانەی کە بە شێوەیەکی خراپ سوود لەم بارودۆخە وەردەگرن گەلەکەمان ھەرگیز لێیان نابورێت".
سەرکۆماری تورکیا ھەروەھا گوتی: "تورکیا بەرامبەر بە رژێمی ستەمکاری سووریا پشتگیری لە گرووپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات کە بۆ ئازادی خۆیان شەڕ دەکەن. لێرەدا تیشک دەخەنە سەر خاڵێک، ئەو ناوچەیەی تورکمانەکانی بایربوجاکی لێیە ناوچەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش نییە. با یەکتری ھەڵنەخەڵەتێنێت. لەوێدا تەنھا تورکمانەکانی بایربوجاک ھەیە کە ھاونەژاد و خزمانن. کاتێک دەڵێن ھێرش دەکەینە سەر داعش ھێرش بۆ سەر تورکمانەکانی بایربوجاک دەکرێت".