Sayim Harmancı
02 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
هەکاری - AA
لە پارێزگای هەکاری لە چوارچێوەی پڕۆژەی "لەگەڵ وەرزش ئایندەمان تەندروست دەبێت" لەمساڵدا مەشقی تایبەت بە خلیسکێنەی سەر بەفر دراوەتە پێنج هەزار و ٧٠٠ فێرخواز.
هەکاری یەکێکە لەو پارێزگایانەی زستانێکی سەختییان هەیە و بە ئامانجی هاندانی فێرخوازان بۆ وەرزشکردن، پێنج ساڵ بەر لە ئێستا بە چاودێری پارێزگای هەکاری پڕۆژەی "لەگەڵ وەرزش ئایندەمان تەندروست دەبێت" دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە.
لە چوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا هەزاران فیرخواز فێری جۆرەها وەرزشی جیاواز بوون کە یەکێکیان خلیسکێنەی سەر بەفرە.
ئەو فێرخوازانەی لە قەزاکانی سەربە پارێزگای هەکاری مەشقی تایبەت بە خلیسکێنەیان پێکراوە ناوبەناو بە گروپ دەهێندرێن بۆ ناوەندی خلیسکێنەی "مێرگا بوتان" لە ناوەندی پاریزگای هەکاری کە دوو هەزار و ٨٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.
بەشێک لەو وەرزشکارانەی بە یاوەری راهێنەرەکان، مەشقیان کردووە توانیویانە چەندین مەدالیا بەدەستبهێنن.
بەڕێوبەری پەروەردەی هەکاری، بیلال گور، لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد چالاکییەکانی تایبەت بە مەشقی خلیسکێنەی سەر بەفر، بەشێکە لە پڕۆژەی "لەگەڵ وەرزش ئایندەمان تەندروست دەبێت"، و گوتیشی: "رۆژانە نزیکەی ١٠٠ فێرخواز بە پاس دەهێندرێن بۆ ناوەندی خلیسکێنەی هەکاری، چەند جارێک لە کاتی ئامادەبوونی فێرخوازاندا سەردانی ناوەندەکەم کردووە و ئەو خۆشی و شادییەم بینیوە کە لە روخساری منداڵەکاندا بووە. ئەمساڵ پێنج هەزار و ٧٠٠ فێرخواز لێرە مەشقی خلیسکێنەی سەر بەفریان پێکراوە، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە پشتیوانییان لەم پڕۆژەیە کرد".
02.04.2023 ئەمساڵ لە هەکاری پێنج هەزار و ٧٠٠ فێرخواز مەشقی خلیسکێنەی سەر بەفریان پێکراوە
لە پارێزگای هەکاری لە چوارچێوەی پڕۆژەی "لەگەڵ وەرزش ئایندەمان تەندروست دەبێت" لەمساڵدا مەشقی تایبەت بە خلیسکێنەی سەر بەفر دراوەتە پێنج هەزار و ٧٠٠ فێرخواز.