Hatice Özdemir Tosun
24 تشرینی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2019
ئەنتاڵیا - AA
شاری ئەنتاڵیا کە بە یەکێک لە گرنگترین پێگەکانی گەشتیاریی لە جیھان ھەژمار دەکرێ، لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا میوانداریی زیاتر لە ١٥ ملیۆن گەشتیاری کردووە.
گەشتیاران لە ١٩٣ وڵاتی جیھان روویان کردووەتە ئەو شارە و ئەمساڵیش ژمارەیەکی پێوانەیی لە ھاتنی گەشتیاری بیانی بۆ ئەنتاڵیا تۆمار کراوە. ساڵی رابردوو نزیکەی ١٣ ملیۆن و ٦٤٢ ھەزار گەشتیار روویان لەو شارە کردووە و ئەمساڵیش تا مانگی تشرینی یەکەم ژمارەی گەشتیاران گەیشتووەتە ١٤ ملیۆن کەس.
بەپێی داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گەشتوگوزار و کولتووری پارێزگای ئەنتاڵیا، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لە ماوەی ١١ مانگی رابردوودا سەردانی شاری ئەنتاڵیایان کردووە، گەیشتووەتە ١٥ ملیۆن و ٥٦٧ ھەزار کەس.
ھەر بەپێی داتاکان، ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە لە فڕۆکەخانەکانی ئەنتاڵیا و غازی پاشا دابەزیون گەیشتووەتە ١٤ ملیۆن و ٩١٢ ھەزار کەس.
ھاوکات نزیکەی ٥٥ ھەزار گەشتیاریش لە رێگەی بەندەری کەناراوەکانی کۆنیاڵتی، ئەلانیا، کەمەر، کاش و فینیکە ھاتوونەتە ئەو شارە. بەم پێیەش ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە بە رێگەی ئاسمانی و دەریایی سەردانی ئەو شارەیان کردووە، گەیشتووەتە ١٥ ملیۆن و ٥٦٧ ھەزار کەس.
ھەر لەبارەی ریزبەندی گەشتیاری ئەو وڵاتە بیانیانەی کە سەردانی تورکیا دەکەن، رووسیا لە ریزبەندی یەکەم دایە. لە ماوەی ١ی کانوونی دووەمی تا ٣١ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، نزیکەی پێنج ملیۆن و ٤١٤ ھەزار کەس لە رووسیاوە سەردانی ئەنتاڵیایان کردووە.
ھاوکات ئەڵمانیا بە ناردنی دوو ملیۆن و ٥٠٨ گەشتیار بۆ تورکیا لە ریزبەندی دووەم و پاشانیش ئۆکراینا، بەریتانیا، پۆلۆنیا، رۆمانیا یەک لە دوای یەک دێن.