ئەنقەرە
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا بولەند ئارنچ لە بارەی قۆناغی چارەسەری پرسی کوردی رایگەیاند: "قۆناغی چارەسەری پرسی کورد لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو دەستیپێکردووە و ئەم قۆناغە زۆر سەختە و سەدا سەد متمانەمان بە ئەنجامەکانی نییە، ھەموومان دڵەڕاوکێمان ھەیە، دوعا دەکەین ئەو قۆناغە بە خێر و خۆشی بگاتە ئەنجام، بەڵام نازانین کەی و لە لایەن چ کەسێکەوە ھێرش دەکرێتە سەر ئەو قۆناغە، چونکە ئەوەندە ناحەز و نەیاری ئەو قۆناغە زۆرن نازانین کامە ناحەز بۆ تێکدانی قۆناغەکە لایەنی بەرامبەر رازی دەکات دووبارە دەست بە بەکار ھێنانی چەک و توندوتیژی بکاتەوە."
ئارنج باسی گوتەکانی ئوجالانی کرد کە گوتبووی: "دەبێ ئاگربەست رابگەیندرێ، ئەندامە چەکدارەکان بۆ دەرەوەی سنوور بکێشنەوە و لەمەووا دەبێ سیاسەت لە جیاتی چەک قسە بکات"
و گوتی: "لە سەر ئەو داوکارییە، داواکارییەک ئاراستەی حکومەت کرا و راگەیەنرا کە پێشتریش ئێمە لە کاتی کێشانەوە رووبەرووی ھێرش بووینەوە، بۆیە ئەمجارە دەبێ ھیچ جۆرە ھێرش و ئۆپەراسیۆنێک سازنەکرێ تا بە ئاسانی بتوانین پرۆسەی کێشانەوە جێبەجێ بکەین. ئێمەیش وەکو حکومەت ئاماژەمان بەوە دا کە ئەگەر ھیچ جۆرە مەترسییەک رووبەرووی ھێزی ئەمنی تورکیا و ئەمینەت و تەبایی تورکیا نەبێتەوە، ئەوا ھێزە ئەمنییەکان دەست بە ئۆپەراسیۆن ناکەن، بڕیاربوو تا مانگی تەمووز کۆتایی بە پرۆسەی کشانەوە بھێنرێ ، بەڵام دواتر لە مانگی تەمووزدا بۆمان ئاشکرابوو کە ئەوان بەڵێنی خۆیان نەبردە سەر، سەرەتا سەرۆکوەزیران گوتی سەدا ١٥ی ھێزەکان پاشەکشەیان پێکراوە و دواتر گوتی رەنگە سەدا ٢٠ پاشەکەشەیان پێ کرابێ و گوتی ئەوانەیش بەساڵاچوان و نەخۆشەکانن، لایەنی بەرامبەر دەنگی خۆی نەکرد."
ھەروەھا گوتی: "ئێمە ھەر وا دانانیشین سەیری پرۆسەکە بکەین، زانیاری زۆرمان بۆ دێت و بە وردی چاودێری پرۆسەکە دەکەین، دەڵێن دیمەنی کێشانەوەی ھێزەکانمان ھەیە، گەر ئەو دیمەنانە کۆبکەینەوە بۆمان دەردەکەوێت کە سەدا ١٠ تا سەدا ١٥ی ھێزەکان پاشەکەشییان پێکراوە، ئێمە زانیاریمان لە بەردەستە دەزانین لە کوێ چەند کەس پاشەکەشییان پێکراوە. ئێمە وەکو حکومەت ھیچ داواکارییەکی رێکخستنمان جێبەجێ نەکردووە و پاکێجی دیموکراتیزەکردنی تورکیایش بریتییە لەو ھەنگاوانەی کە حکومەت پێی باشبووە جێبەجێیان بکات."
لە بارەی ھەڵوێستی بەدەپەیش جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی: "بەدەپە زۆر بێچارەیە لە نێوان ناڵ و بزمارادایە ، ئەو ئەندامانەی بەدەپە کە ئێمە پێمان وابوو عەقڵمەند و خاوەن بیروڕایەکی سەردەمییانەن، لە کاتی راگەیاندنی پاکێجی دیموکراتیزاسیۆنی تورکیادا رایانگەیاند کە پاکێج وەکو کولەکەیە، ئەوان لە نێوان قەندیل و ئیمراڵیدا مانەوە و بۆ خۆشیان نازانن چی بکەن، کاریگەریشیان لە سەر قەندیل و ئیمراڵی نییە، من دەمەوێ ئەو ھاوڕێیانەمان تۆزێک بەھێز بن و ئیرادەی بەھێزی خۆیان بۆ قۆناغی چارەسەری دەرببڕن."
رایگەیاند: "ھەڵوێستی بەدەپە لە بەرامبەر قۆناغی چارەسەری ھەڵوێستێکی ئەرێنی نییە، نازانن چی بکەن و سەریان لێ شێواوە و وەکو ئەوەیە لە نێوان ناڵ و بزماردابن. لە لایەک چەکوشی ئیمراڵی و لە لایەکی دیکەیشەوە بزماری قەندیلە، بەدەپە ناتوانێ سوود لە قەندیل و ئیمراڵی وەربگرێ و کاریگەریشی لە سەر ئیمراڵی و قەندیل نییە."
- گۆڕانکارییە سەربازییەکانەوە
لە بارەی گۆڕانکارییە سەربازییەکانەوە بولەند ئارنچ گوتی: "مافی سەرۆک وەزیر و وەزیری بەرگریە باس لە کۆرتکردنەوەی ماوەی سەربازی، ھەڵوەشاندنەوەی سەربازی گرێبەست و کۆرت خایەنی سوپا بکەن، لەبارەی کۆرتکردنەوەی ماوەی سەربازی بۆ ١٢ مانگ، سەرۆک ئەرکانی سوپا بیروڕای خۆی دەربڕیوە و حکومەتیش بیروڕای خۆی لەبارەوە ئاشکرا کرد، بۆیە وابزانم دوای جەژنی قوربان گۆڕانکاری پێویست لەو بوارەدا ئەنجام دەدرێن."
بولەند ئارنچ سەبارەت بە پاکێجی دیموکراتیزەکردنی تورکیا گوتی: "بڕیاری گەڕاندنەوەی زەوییەکانی وەقفی مۆر گابریەلی برا سووریانییەکانمان و ئازادی سەرپۆش جێبەجێکران، چونکە پێویستیان بە گۆڕینی یاسا نەبوو. دوای جەژن بۆ ئەو ھەنگاوانە کە پێویستیان بە گۆڕینی یاساکان ھەیە، پەرلەمان کۆ دەبێتەوە وابزانم سەرەتا پاراستنی زانیاریی تاکەکەسەکان و دواتر پرسی کۆچ گفتوگۆ دەکرێت."
- پرسی عەلەوییەکان
ئارنج رایگەیاند: "ئەو ھەنگاوانەی بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران جێبەجێ دەکرێن، دوای جەژنی قوربان ئەنجومەنی وەزیران کۆدەبێتەوە و بۆ جێبەجێکردنیان بڕیاری پێویست دەردەکات."
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا باسی پرسی عەلەوییەکانیشی کرد و گوتی: "کاتێک فارۆق چەلیک وەزیری دەوڵەت، چەندین کۆبوونەوە لەبارەی پرسی عەلەوییەکان ئەنجامدران و کتێبێکیش لەمبارەیەوە ئامادە کراوە، ھەر چەند ھەندێ لە عەلەوی و رێکخراوە عەلەوییەکان بیروڕای جیاوازیان ھەیە، بەڵام ئەگەری جێبەجێکردنی ھەندێ لە داواکارییەکانی عەلەوییەکان لە ئارادایە."
ئارنچ گوتی: "بیروڕای جیاواز لە نێوان عەلەوییەکاندا لە بارەی پرسی ئەوەی جەمخانەکان بکرێن بە شوێنی عیبادەتی عەلەوییەکان ھەیە و ژمارەیەک دەڵێن عەلەوی ئاینێکی جیاوازە و ژمارەیەکی دیکە دەڵێن عەلەوییەکانیش نەتەوەیەکی جیاوازن. بۆ ئەوەی کە ئەو ناکۆکییانە گەورە نەبن و وڵاتانی دەرەکی ھەوڵ بۆ دابڕانی عەلەوییەکان لە ئێمە نەدەن، دەستمان بە جێبەجێکردنی چەندین ھەنگاوی گرنگ بۆ عەلەوییەکان کردووە."
بولەند ئارنچ رایگەیاند: لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی وەزیراندا سەرۆکوەزیر رەجەب تەیب ئەردۆغان، جێگری سەرۆکوەزیر بەکر بۆزداغ ی راسپارد لەبارەی کێشە جیاجیاکانی تورکیا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆببێتەوە، وەزیری کاروباری ئاینیش لە بواری کاروباری ئاینیدا کاری خۆی بەردەوام بکات، ئێوەیش وەکو سیاسەتمەدارێک لەگەڵ لایەنە جیاجیاکاندا کۆ ببنەوە و لە سەر کێشە و گرفتەکان گفتوگۆ بکەین، دەتوانین ھەندێ لە داواکارییەکان قەبووڵ بکەین و لە ھەندێ بواریشدا زۆربەی داواکارییەکانیان جێبەجێ بکەین."
ئارنج گوتی: "ھێشتا بەکر بۆزداغ کۆتایی بەو کارانە نەھێناوە بۆیە کاتێک پاکێجی دیموکراتیزە کردنی تورکیا راگەیەنرا، سەرۆکوەزیر ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمە یەکەم و دوایین پاکێج نابێت."
news_share_descriptionsubscription_contact



