ماردین
گوڵتان كشاناك سەردانی عایشە گۆککانی کرد کە مانگرتنی تاکەکەسی دژی دروستکردنی دیواری نێوان سوریا - تورکیا دەستپێکردووە.
دوای تێپەڕبوونیان بەنێو ھێزەکانی ئاسایشی ئەو ناوچەیەدا كشاناك و دەستەیەک لە ژنانی بەدەپە چوونە لای گۆککان و قسەیان لەگەڵ کرد، دوای تەواوبوونی دیدارەکە پەیوەنددی بە ئامبوڵانسی ١١٢ کرا و پشکنینی پێویست بۆ سەرۆکی شارەوانیی نسێبین کرا.
عایشە گۆککان دوای ئەوەی دایکی بینی، گەڕایەوە شوێنی مانگرتنەکەی خۆی و درێژەی بە مانگرتنە تاکە کەسیدەکەی دا.
كشاناك دوای دیدارەکەی لەگەڵ گۆککان لە لێدوانێکدا گوتی: "عایشە جەستەی خۆی لەپێناو رووخانی دیواری شەرم بەخت دەکات، ئەم خەباتە خەباتی ھەموومانە، بەگەنج و پیر و منداڵەوە، دووپاتی دەکەینەوە نایەڵین و ناشبێ ئەم دیوارە دروستبکرێ".
گوتیشی: ئەو لە ڕەوشێکی زۆر سەختدا درێژە بەچالاکیدەکەی دەدا، بەپێی پێویست ئاو ناخواتەوە، ژیانی لەمەترسیدایە، فشاری خوێنی بەرز و نزم دەبێتەوە و شەکرەی نزم بۆتەوە.
كشاناك گوتی: "دروستکردنی دیواری شەرم بۆ ئاسایش و پاراستنی سنوور نییە، ئەمانە لە راستیەوە دوورن، نە خزمەت بە سنوور و خەڵکی ناوچەکە و نە رێگری لە کاری قاچاخچێتی دەکات.
ئەویش لای خۆیەوە داوای دروستنەکردنی دیوارەکەی کرد.
دوای پەیامەکەی كشاناك نزیکەی ٥٠ کەس لە ئەندامانی بەدەپە لەبەرامبەر دروستکردنی "دیواری شەرم"دا مانگرتنیان راگەیاند.
لە شوێنی چالاکیدەکەدا ژمارەیەک گەنج کە دەمامکیان پۆشیبوو بەدانانی بەربەست لەسەر ڕێگاکە ئاگریان دەکردەوە، پاشان لەلایەن پۆلیسەوە بەغازی فرمێسکڕێژ و ئاوی بەگوڕ بڵاوەیان پێکرا.