ماردین
بەمەبەستی بەشداریکردن لە چالاکی سەرکۆنەکردنی دروستکردنی دیواری سنوری نێوان تورکیا و سوریا، پەروین بوڵدان جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی بەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا، سەردانی عایشە گۆککانی لە نسێبین کرد، کە چەند رۆژێکە دژی دروستکردنی ئەو دیوارە و بەرامبەر شوێنی دیوارەکە، مانگرتنی دەست پێکردووە.
پەروین بوڵدان لەگەڵ پەرلەمانتاری پارێزگای وان ئایسەل توغلوك گەیشتنە شارەدێی نسێبین و لەلایەن ژمارەیەک لە ژنانی لایەنگری بەدەپە پێشوازیان لێکرا، دواتر بەمەبەستی بەشداریکردن لە چالاکیەکە و سەردانیکردنی عایشە گۆککان بەرەو شوێنی دروستکردنی پرۆژەی دیوارەکە کە بە "دیواری شەرم" ناوی دەبەن، بەڕێکەوتن.
گروپەکە داوایان لە پۆلیس کرد رێگەیان پێبدا شوورەی مرۆیی دروست بکەن، بەڵام ھێزەکانی پۆلیس رێگەیان پێنەدان.
دواتر ئایسەل توغلوك پەرلەمانتاری لیستی سەربەخۆ گوتی: دەستپێکردنی چالاکی مانگرتن لەلایەن عایشە گۆککان سەرۆکی شارەوانیی نوسێبینەوە، بۆ رێگریکردنە لە دروستکردنی دیواری سەر سنوری سوریا، بوێریی عایشە نیشانەی سەربەزی و خەباتی ژنان و گەلی ئازادیخوازە. دروستکردنی دیوار کارێکی ئاسایی نییە.
گوتیشی: "دەزانین ئەم دیوارە لەپێناو پچڕاندنی پەیوەندیی گەلەکەمان و خەباتی ئازادیخوازی و ئومێد و رزگاربوون دروست کراوە، ئەمڕۆ چالاکیەکە یەک کەسییە بەڵام سبەی بەشێوەیەکی تر دەردەکەوێت، بۆیە پێویستە بەزووترین کات کارەکانی دروستکردنی دیواری شەرم بوەستێنرێ."
دوای لێدوانەکەیان بوڵدان و توغلوك چاویان بە سەرۆکی شارەوانی نسێبین کەوت.