Ramal Abdullah Mahmood
11 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 12 ئەیلوول 2017
ئەنقەرە – AA
لە ئاکامی خۆپێداکێشانی پاسێک بە بارهەڵگرێکدا لە شارۆچکەی گۆلباشی پارێزگای ئەنقەرە، سێ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٦ی دیکەش بریندار بوون.
پاسی ژمارە 73 DZ 935 کە لە لایەن بیلال یەشیلمەنەوە شۆفێریی دەکرا خۆی کێشا بە بەشی پشتەوەی بارهەڵگری ژمارەی 73 FE 333 کە لە فولکەی ڤیلایەتلەر ئێڤی لەسەر رێگای قۆنیا-ئەنقەرە چاوەڕێی هەڵبوونی تیشکی سەوز بوو بۆ ئەوەی بڕوات.
لە رووداوەکەدا، شۆفێری پاسەکە یەشیلمان و یاریدەدەرەکەی محەمەد شیرینجە و یەکێک لە سەرنیشینانی پاسەکە بە ناوی ئەرجان فەیزیئغڵو گیانیان لەدەستدا.
٢٦ بریندارەکەی دیکەش بە ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن گەیەنرانە نەخۆشخانەکانی شار بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.
هەروەها تەرمی یەشیلمان، شیرینجە و فەیزیئۆغڵو دوای ئەنجامدانی توێکاری خرانە بەستنگەی نەخۆشخانەی گشتیی هاڤساک گۆلباشی.
مەتین کانتیکی شۆفێری بارهەڵگرەکەش کە لە رووداوەکەدا بریندار نەبوو لە لایەن تیمەکانی پۆلیسەوە بە مەبەستی لێکۆڵینەوە دەستگیرکرا.
بە هۆی رووداوەکەوە ماوەیەک لایەکی رێگاکە داخرا. بەڵام دوای پاککردنەوەی شەقامەکە لەو گەنمەشیانەی لە بارهەڵگرەکەوە کەوتبوونە خوارەوە و گواستنەوەی ئۆتۆمبێلەکان، رەوشی ئاسایی گەڕایەوە رێگاکە.