Ömer Yasin Ergin
06 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 06 تەمووز 2023
دیاربەکر - AA
لە دیاربەکر، تیمێکی کۆمپانیای دابەشکردنی کارەبای دیجلە (DEDAŞ) کە پشکنینی بۆ بەقاچاخبردنی کارەبا دەکرد، بە بەرد پەلاماردرا
بەپێی راگەیەندراوێکی کۆمپانیاکە، قەرزی کارەبای چوار ئابۆنە لە ناوچەی کارابیچاک لە گوندەواری قەزای ئەرگانی گەیشتووەتە چوار ملیۆن لیرە. وێڕای ئەو ئاگادارییانەی کە ئاراستەیان کراوە ئابۆنەکان قەرزەکانیان نەداوەتەوە. بۆیە تیمەکان لەژێر رێوشوێنە ئەمنییەکانی جەندرمەدا چوونە گەڕەکەکە بۆ پشکنینی کارەبای ئەو چوار ماڵە.
لە کاتی پشکنینەکاندا، گرووپێک لە تیمەکەیان داوە و بە بەرد هێرشیان کردووەتە سەر ئۆتۆمبێلەکان. بەم هۆیەشەوە کارمەندێک بریندار بوو و چوار ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوت.
ساتی پەلامارەکە کە تیایدا جامەکانی ئۆتۆمبێلێک دەشکێنرێت، لەلایەن تیمەکەوە بە کامێرای مۆبایل تۆمار کراوە.
لە راگەیەندراوەکەی کۆمپانیاکەدا، هەروەها هاتووە: "لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا بە بڕی ٢٠ ملیار لیرە وەبەرهێنانمان کردووە بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری کارەبا بە شەش ملیۆن و ٤٠٠ هەزار کەس لە شەش پارێزگا. دوو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار ئابۆنەمان ٢،٥ هێندەی تێکڕای تورکیا کارەبا بەکاردەهێنن. وەک کۆمپانیایەک کە پابەندە بە رێساکانی وەزارەتی وزە، بەردەوامین لە بەرەنگاربوونەوەی بەقاچاخبردنی کارەبا کە راستەوخۆ زیان بە ئابووریی نیشتمانیمان دەگەیەنێت و دەبێتە هۆی نادادپەروەریی".