Mazın Asad
18 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 19 شوبات 2017
مەڵاتیا
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانەی کردنەوەی کۆمەڵە پرۆژەیەک لە شاری مەڵاتیا، گوتارێکی لە گۆڕەپانێکی نزیک شارەوانی مەڵاتیا پێشکەش کرد.
ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا رایگەیاند: "سڵاو بۆ سەربازە قارەمانەکانمان دەنێرم کە ئەلبابیان لە بکوژەکانی داعش تەسک کردووەتەوە. خوا پشت و پەنایان بێت. ھەروەک چۆن ئەوان بە شەو و بە رۆژ بۆ ئایندەی وڵات و گەل گیانیان دەبەخشن، ئێمەش خەباتی کۆکردنەوەی بەرد لەسەر بەرد دەکەین. لە پێناو خۆشگوزەرانی تورکیا و گەیشتن بە ئاستی خۆی لەسەر جیھان، گشت تواناکانمان دەخەینەگەڕ. بێ جیاوازی نزیک و دوور و دەوڵەمەند و ھەژار، ھەوڵ دەدەین لە چوار لای جیھان ئاڵاکەمان بەرز بکەینەوە. بینیتان بۆ بەحرێن چوون و لەوێوە بۆ سعوودیە و پاشان بۆ قەتەر چووین. ئەگەر خوا تەمەنمان پێ ببەخشێت و بە پشتیوانی و دوعای گەل، لەم خەباتەدا بەردەوام دەبین".
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: "تورکیا بە رێگەی ئەم سیستەمەوە کە پڕە لە قەیرانی سیاسی و ئابووری و شەڕەوە، ناتوانێت لە رێگەکەی بەردەوام بێت. شاری مەڵاتیا بە تورک، کورد و سوننی و عەلەوی و گشت جیاوازی و جوانییەکانییەوە، نایەوێت بیر لە ئەگەری رۆژانی رەش بکاتەوە".
ئەردۆغان گوتیشی: "ئازایەتی حەمیدۆ کە بووە قوربانی تیرۆر و نرخێکی وەک ئەحمەد قەیا کە ناچاربوو لە دەرەوەی وڵات بمێنێتەوە، نابێت ھەمان ئەم کێشانە رووبداتەوە. ئەوەی پێویستە بکرێت ئەوەیە کە سیستەمێکی گونجاو بۆ پێداویستییەکانی وڵات و خۆشی گەل بێتە ئاراوە. ئێمەش دەڵێین ناوی ئەم سیستەمە سیستەمی حکوومەتی سەرۆکایەتی کۆمارە".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەدا گوتیشی: "بابەتی سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار، بەرھەمی کەسێکی تایبەت و بژاردەیەکی سادە نییە. لە دوای ئەم بابەتە بەرھەمی سەدان ساڵ و ئەزموونی زۆر ھەیە. پێویست ناکات زۆر دوور بڕۆین، چارەگە سەدەی کۆتای تورکیا بە ئاشکرای ئەم پێویستییە دەخوازێت. موسڵمان دوو جار لە یەک شوێن پێوەنادرێت. کەچی ئێمە ٢٠ جار پێوەدراین. دووبارە کەسانێک وانەیان لەمە وەرنەگرت".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو ھەنگاوانەی بۆ گۆڕانکاری دەستوور نراوە، بۆ ئەوەیە جارێکی دیکە ناسەقامگیری، قەیران و پشێوی لە وڵات روونەدات و رووداوەکانی پەرلەمانی لەکاتی دەنگدان لەسەر گۆڕانکاری دەستوور وەبیرھێنایەوە و زیاتر گوتیشی: "گەزەیان لە پێ دا و لوتیان شکاند و دەموچاوی یەکتریان داپۆسی. ئەمە لە کوێ روویدا؟ ئەمە لە پەرلەمانی دیموکراسی روویدا. پێشتریش ھەنگاو بۆ ئەم کارە نراوە، بەڵام یەکەم ھەنگاو لە ساڵی ٢٠٠٧ نرا کە بە گۆڕانکاریکردن لە دەستوور، دەسەڵاتی ھەلبژاردنی سەرکۆمار راستەوخۆ درایە گەل. ھەنگاوی دووەم ھەڵبژاردنی منە لە ساڵی ٢٠١٤ بەشێوەیەکی راستەوخۆ لە لایەن گەل. دوا ھەنگاویش گۆڕانکاری دەستوورە کە ئینشەڵڵا لە ١٦ی نیسان دەنگی لەسەر دەدرێت".
ئەردۆغان راشیگەیاند: "لە ھیچ شوێنێکی جیھان، بە ھیچ شێوەیەک دوو بەڕێوەبەر بوونی نییە کە ھێزی لە گەل وەرگرتبێت و دەسەڵاتێکی فراوانی لە بواری بەڕێوەبەردن ھەبێت. لە ھەمان کات نابێت. یا سەرۆکوەزیران خاوەنی دەسەڵاتە یانیش سەرکۆمار. ئەگەر دەسەڵات لە کامیان بێت ئەوا ئەوەی دیکەیان تەنھا سێمبۆلیە. ئەوەی کە تورکیای بەرەو دواوە برد تەنھا ئەمە بوو".