Mazın Asad
19 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 21 شوبات 2016
ئیستانبوڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی ئەمریکا، باراک ئۆباما پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا و بێجگە لە تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بابەتی ھەماھەنگی ئێستا و ئایندەی نێوان ئەمریکا و تورکیا خرایە بەرباس.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماریی تورکیا دەست کەوتووە، ئەردۆغان لەکاتی ئامادەبوونی لە کۆشکی تەرابیا پەیوەندییەکە ئەنجام دراوە.ئەردۆغان و ئۆباما بێجگە لە تاوتوێکردنی دوایین پێشھاتەکانی سووریا و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بابەتی ھەماھەنگی ئێستا و ئایندەی نێوان ئەمریکا و تورکیا خستە بەرباس.
سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکە تەلەفۆنییەکەدا ئیدانەی تەقینەوەکەی ١٧ی ئەم مانگەی ئەنقەرە و ھێرشەکەی سەر کاروانێکی سەربازیی لە رێگەی وشکایی نێوان دیاربەکر-بینگۆل کردووە و سەرەخۆشی ئاراستە کرد و ھیوای چاکبوونەوەشی بۆ برینداران خواست.
ھاوکات ئەردۆغان لەبارەی ھێرشە تیرۆریستییەکە زانیاری بە ئۆباما دا و تیشکی خستەسەر گرنگی ھەماھەنگیی ھاوپەیمانان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا.
ئۆباما نیگەرانی لە پێشڕەوییەکانی ئەم دواییەی یەپەگە لە باکووری رۆژئاوای سووریا دەربڕی و راشیگەیاند پێویستە دەستبەجێ کۆتایی بەو ھێرشانە بێنرێت کە دەبێتە ھۆی دروستبوونی گرژی لەسەر تورکیا و ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا و زیان بە ھەوڵەکانی ھاوبەش دژی داعش دەگەیەنێت.
ئۆباما ئاماژەی بەوەش دا کە وەک ھاوپەیمانێکی ناتۆ پێداگرن لە پشتگیریکردنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا و ئاشکراشی کرد تورکیا مافی خۆیەتی پارێزگاری لە خۆی بکات.
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، لە پێناو وەستاندنی شەڕ و پێکدادانەکانی سووریا جەخت لەسەر پشتگیریکردنی رێککەوتنی میونخ کراوە و ھەردوو سەرکردە بانگەوازی وەستاندنی ھێرشەکانی ئاسمانیی رووسیا و رژێمی ئەسەدیان کردووە بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی میانڕەوی سووریا.
ئەردۆغان و ئۆباما ھاوڕابوون لەسەر ھەماھەنگی زیاتر، دژی رێکخراوەکانی تیرۆریستی و ھەروەھا پەکەکە و راشیانگەیاندووە ھەردوو وڵات ئامانجی ھاوبەشیان لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا ھەیە.