Behlül Çetinkaya
04 حوزەیران 2022•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2022
ئەنقەرە - AA
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە ئەمنییەکانەوە دەست ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتوون، باڵیۆزی یۆنان لە ئەنقەرە، کریستۆدۆولۆس لازاریس، بەهۆی ئەو خۆپیشاندانانەی رێکخراوی تیرۆریستیى پەکەکە لە نزیک باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئەسینا، ئەنجامی دابوو، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کرا.
ئەوەش بە لازاریس راگەیاندرا کە رێکخراوە تیرۆریستییەکان بەئاسانی لە یۆنان، پڕوپاگەندە و چالاکی بۆ دەستخستنی سەرچاوەی دارایی ئەنجام دەدەن، هەروەها یۆنان بووەتە بەندەرێکی پارێزراو بۆ ئەو کەسانەی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە هەیە.
نموونەی کەمپی لاڤریۆن نیشانی لازاریس درا کە ئەو تیرۆریستانەی هەڕەشەن بۆسەر ئاسایشی تورکیا دەتوانن لە هەموو توانایەکی لۆجستی و پەروەردەیی ناو کەمپەکە سوودمەندبن.
باڵیۆزی یۆنان لەوەش ئاگادارکرایەوە کە کەمپی لاڤریۆن لەڕووی داڵدەدانی تیرۆریستانەوە گەیشتووەتە ئاستی کەمپەکانی رێکخراوی تیرۆریستیى پەکەکە لە عێراق و سووریا، کاردانەوەی توندی تورکیاش بەرامبەر خۆپیشاندانەکەی پەکەکە بە لازاریس راگەیاندرا کە لەم کەمپەوە دەستیپێکردووە و بەئاشکرا تا نزیک باڵیۆزخانەی تورکیا لە ئەسینا، بەردەوام بوو.
جارێکی دیکەش نیگەرانییەکانی ئەنقەرە لە بەرامبەر ئاسایشی نوێنەران و هاووڵاتییانی تورک لە یۆنان و چاوەڕوانییەکانی تورکیا بۆ هەماهەنگیکردنی کارا لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، دووپاتکرایەوە.
هەروەها ئەوەش بە باڵیۆزەکەی یۆنان راگەیاندرا کە پێویستە حکوومەتی ئەسینا بەگوێرەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتی دراوسێ، بەرپرسیاریەتی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بەجێ بگەیەنێت.