Aylin Dal,Rahel Ali,Hozan Mohammed Jabbar
09 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 10 ئادار 2023
ئەنقەرە – AA
دادگای دەستووریی تورکیا بڕیاری دا بلۆککردن لەسەر ئەو هەژمارانەی هەدەپە هەڵبگیرێت کە تایبەتن بەو هاوکارییانەی حکوومەت پێشکەشی هەدەپەیان دەکات کە لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی داخستنی پارتەکە بڕیاری بلۆککردنیان درابوو.
پرۆسەی لێکۆڵینەوە لەو دۆسیەیە لە دادگای دەستووریی تورکیا بەردەوامە کە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە بە مەبەستی داخستنی هەدەپە تۆماری کردووە.
لەو میانەیەدا لەسەر داواکاری سەرۆکایەتی داواکاریی گشتیی سەربە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە و وەک گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پێنجی کانوونی دووەم ئەو هەژمارانەی هەدەپە بلۆک کران کە تایبەتن بەو هاوکارییانەی حکوومەت پێشکەشی هەدەپەیان دەکات. داواکاری هەدەپەیش بۆ هەڵگرتنی ئەم بڕیارە لە دانیشتنی گشتیی دادگای دەستوورییدا تاوتوێ کرا.
زاندراوە دەستەی دادوەریی دادگای دەستووریی بە دەنگی هەشت ئەندام لە بەرامبەر حەوت دەنگی دژدا، بڕیاری هەڵگرتنی بلۆککردنی هەژمارەکانی داوە.
هەروەها لە میانی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکەیش بەرگریی زارەکی هەدەپە کە ١٤ی ئاداری بۆ دیاریکرابوو دوا خراوە بۆ ١١ی نیسان.
دواتر راپۆرتنووسی تایبەتی دادگای دەستووریی، زانیاری و بەڵگەکانی تایبەت بە دۆسیەکە کۆدەکاتەوە و راپۆرتێکیان لێ ئامادە دەکات.
دوای دابەشکردنی راپۆرتەکەش بەسەر ئەندامانی دادگای باڵادا، سەرۆکی دادگا، رۆژێک بۆ کۆبوونەوە دیاریی دەکات، لەو رۆژەدا ئەندامانی دادگای باڵا کۆدەبنەوە و دەست دەکەن بە ئەنجامدانی دانیشتنی بنچینەیی لەسەر دۆسیەی داواکاری داخستنی هەدەپە.
- پەسەندکردنی داواکە لە کۆی ١٥ ئەندام پێویستی بە دەنگی ١٠ ئەندام هەیە
داوای داخستنی هەدەپە، پەیوەستە بە بڕیاری دەستەی دادگای دەستوورییەوە کە لە ١٥ ئەندام پێکدێت. بەگوێرەی بەندی ٦٩ی دەستووری تورکیا، بڕیاردان لەسەر داخستنی پارتێک یاخود بڕینی هاوکارییەکانی حکوومەت بۆ پارتێکی دیاریکراو، پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی ئەندامانی دادگای دەستووریی هەیە، بەوپێیەش لە کۆی ١٥ ئەندامی دادگای دەستووریی پێویستە ١٠ ئەندام، رەزامەندی لەسەر داخستنی پارتەکە دەرببڕن.