Bilal Kahyaoğlu,Cihan Okur
24 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 24 تەمووز 2023
هاتای - AA
ئەو بوومەلەرزانەی لە شەشی شوباتدا لە قاهرەمانمەڕەش روویاندا و ١١ پارێزگای تورکیا هەژاند، لە پارێزگای هاتای زیانیان بە ١٨ هەزار و ٧١١ ئۆتۆمبێل گەیاندووە.
لە پارێزگای هاتای، کە بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی بە کارەساتی سەدە ناسراون زیانی زۆری بەرکەوت، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە ژێر داروپەردووە رووخاوەکان دەرهێنراون، لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاوە لە پارکەکانی راگرتنی ئۆتۆمبێلەکاندا پارێزراون.
تیمەکان لە پاش تۆمارکردنی ژمارەی تابلۆ، ژمارەی شانسی و ساڵانەی ئۆتۆمبێلەکە و رێکاری یاسایی، ئۆتۆمبێلەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکەنەوە.
پارێزگاری هاتای، موستەفا ماساتڵی لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد کە شارەکەیان لە شەشی شوباتدا رووبەڕووی کارەساتێکی گەورە بووەوە.

ماساتڵی باسی لە کارەکانی دیاریکردنی زیانەکان کرد لەسەر ئۆتۆمبێلەکانی شارەکە و گوتی: ''وەک چۆن ئەو کارەساتی بوومەلەرزەیە بووە هۆی گیانلەدەستدانی هەزاران کەس، هاوکات زیانێکی زۆری ماددیشی لێکەوتەوە. دەبینین بەشێکی زۆری ئەو زیانانەش بەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتیان کەوت. بەپێی دوایین بەدواداچوونەکان، لە سەرانسەری پارێزگاکەماندا ١٨ هەزار و ٧١١ ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوتووە''.
ماساتڵی باسی لەوە کرد کە کارەکان بەردەوامن بۆ سەرلەنوێ هەستانەوەی هاتای و، گوتی: ''دەوڵەتەکەمان هەر وەک رابردوو لە قۆناغی لەمەودواشدا لەگەڵ هەموو دامەزراوەکاندا بەردەوام دەبێت لە ساڕێژکردنی برینەکانی هاتای شاری شارستانییەتەکان. سەرەخۆشی لە گەلەکەمان دەکەین و داوا لە خودا دەکەین جارێکی دیکە کارەساتێکی وا روو لە شارەکەمان نەکاتەوە''.
هاووڵاتییەک بەناوی مەهمەت تازە، کە سەردانی پارکی راگرتنی ئۆتۆبێلە زیانبەرکەوتووەکانی کردووە، باسی لەوە کرد کە بەهۆی بوومەلەرزەکانەوە شەش ئۆتۆمبێلی لە ناوچەی پیشەسازی زیانی بەرکەوتووە.
مەهمەت سوپاسی تیمەکانی کرد بۆ پاراستنی ئۆتۆمبێلەکانیان و گوتی: ''کارمەندانی ئاسایش زۆر بە باشی چاودێری ئۆتۆمبێلە زیانبەرکەوتووەکانمانیان کردووە، زۆر بە باشی ئاگاداریان بوون و ئێستا رادەستی خاوەنەکانیان دەکرێنەوە. سوپاس بۆ خوا کە خۆمان هیچمان بەسەر نەهات''.