ئەنقەرە
ئیمپراتۆری ھونەریی تورکیا ئیبراھیم تاتڵیسەس لە ئەکاونتی تویتەری خۆیدا زانیاریی لەبارەی کۆنسێرتە دووقۆڵییەکەی لەگەڵ ھونەرمەندی کورد شڤان پەروەر داوە و خەڵکی داوەت کردووە.
تاتڵیسەس لەبارەی ھونەرمەند شڤان پەروەر نووسیویەتی: "شڤان پەروەر پاڤارۆتیی کوردانە، کۆنسێرت سازدان لەگەڵ ئەودا بۆ من شەرەفە. شڤان پەروەر ھونەرمەندێکی بەرزە، خۆزگە ھەلومەرجەکە گونجاو دەبوو. خۆشحاڵم بەوەی سەرۆکوەزیرانم بەوپەڕی سادەییەوە و بەڕازی دڵی خۆی ئەو زەمینەیەی رەخساندووە. بێگومان لەپێناوی ئاشتی و برایی دەچمە دیاربەکر. مەبەستم لە نەگونجاویی ھەلومەرج باری تەندروستیمە. دوای ٣٧ ساڵ دوورە وڵاتی، شڤان پەروەر لە دیاربەکر دەردەکەوێ. چەند تابلۆیەکی قەشەنگە...!"
پاڤارۆتی ھونەرمەندێکی ئیتاڵیی زۆر بەناوبانگی ئۆپێرا بووەو خاوەن دەنگێکی خۆش بووە، زۆربەی ئیتاڵیەکان شانازی پێوەدەکەن. لە ١٢ی تشرینی یەکەمی ١٩٣٥ لەدایکبووە، رۆژی ٦ی ئەیلولی ٢٠٠٧ بەھۆی شێرپەنجەی پەنکریاسەوە کۆچی دوایی کرد.