Rewa Mahmut Hasan
07 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2016
ئەنقەرە - AA
وەزیری کاروباری یەکێتیی ئەورووپا لە کابینەی حکوومەتی تورکیا، عومەر چەلیک رەخنەی لە بڕیاری دادگایەکی بەلجیکا گرت و بەهێرشکردنە سەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپای لەقەڵەم دا.
دوای ئەوەی دادگایەکی بەلجیکا بڕیاری دا کە پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی نەناسێنێت، چەلیک رەخنەی لەو بڕیارە گرت و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوە هێرشە بۆسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپی.
چەلیک لەمیانی کۆبوونەوەی لەگەڵ باڵیۆزانی وڵاتانی ئەورووپا لە ئەنقەرە، باسی لە دوایین پێشهاتەکانی تورکیا کرد و سەرەتا ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنی دەستگیرکردنی پەرلەمانتارانی هەدەپە دا و گوتی: "دوای ئەوەی کەسێک وەک پەرلەمانتار هەڵدەبژێردرێت، هیچ بنەمایەک نییە تاکو رێگەی بدات ئازاد بێت لەبارەی ئەنجامدانی چالاکی تیرۆر. ئەوانەی کە پڕۆپاگەندی تیرۆریان کردووە و نەچوون بۆ دادگا، رێکاریی یاساییان لەبەرامبەر گیراوەتە بەر. لەکاتێکدا سەیری دۆسیەی زۆرێکیان کراوە و هەندێکیان ئازاد کراون. ئەگەر هەڵوێستێکی دژ بەو پارتەمان هەبووایە ئەوا دژ بە یاسای داخستنی پارتەکان نەدەبووین. ئێمە هەموو کات گوتوومانە، ئێمە دژ بە داخستنی پارتەکانین".
لەبارەی بڕیارێکی بەلجیکاشەوە لەسەر رەتکردنەوەی ناساندنی پەکەکە وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی، چەلیک ئاماژەی بەوەدا کە دەبێت یەکێتیی ئەورووپا سیاسەتیی دووفاقەی خۆی رێکبخاتەوە بەتایبەت لەبارەی هەڵوێستی جیای هەندێک لە دەزگاکان لەبارەی پەکەکەوە دەبێت خۆیان رێکبخەنەوە. هاوکات بڕیارەکەی دادگای بەلجیکای بە هێرش بۆسەر بەڵێننامەی مافی مرۆڤی ئەورووپا وەسف کرد.