Barış Gündoğan,Hemın Othman Mohammed
12 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی دووەم 2017
ئەنقەرە - AA
- لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، ٤٠ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە ناوچەی ئەلباب تێکشکاند و ھەروەھا لەئەنجامی بۆردومانەکەدا، ٢٢ تیرۆریستیی رێکخراوەکە کوژران.
- لە ئەنجامی ھێرشەکەدا، ٢٩ شوێنی حەوانەوە، سێ بارەگا، جبەخانەیەک، سێ ئۆتۆمبیلی چەکھەڵگر و چوار ئۆتۆمبێلی دیکە کە دووانیان بۆمبڕێژکراوبوون لەناوبران.
لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتدا، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا، ٤٠ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی داعشیان لە ناوچەی ئەلباب تێکشکاند و ھەروەھا لەئەنجامی بۆردومانەکەدا، ٢٢ تیرۆریستیی رێکخراوەکە کوژران.
سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپای تورکیا لە راگەیەنراوێکدا زانیاری سەبارەت بە ١٤٢ەمین رۆژی ئۆپەراسیۆنەکە خستووەتەڕوو.
لە راگەیەنراوەکەدا ئەوە وەبیرھێنراوەتەوە کە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات لە ٢٤ی ئابی ٢٠١٦دا و بەمەبەستی نەھێشتنی ھەڕەشەی رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەسەرووی ھەموویانەوە داعش، بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسایشی سەر سنوورەکانی تورکیا و پشتیوانییکردنی ھێزەکانی ھاوپەیمانان دەستیپێکردووە.
ھاوکات لە راگەیەنراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە تورکیا لە چوارچێوەی ئەو مافانەی لە یاسای نێودەوڵەتییەوە سەرچاوەیان گرتووە، بەگوێرەی ٥١ەمین ماددەی بەڵێننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان "شەرعیەتی مافی بەرگریکردن" و ئەو بڕیارانەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەری کردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش ئۆپەراسیۆنەکە بەڕێوەدەبات.
لە راگەیەنراوەکەدا جەخت لەسەر بەردەوامی جێبەجێکردنی پلانی دەستبەسەرداگرتنی شارۆچکەی ئەلباب کراوەتەوە، کە لەلایەن گرووپەکانی ھێزی ئەرکی تایبەت کە لە چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا پێکھاتوون، بەپشتیوانی بۆردومانی چڕی ئاسمانیی و زەمینی بەڕێوەدەچێت. لەو چوارچێوەیەشدا ١٦٠ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆردومانکران و، چەندین شوێنی حەوانەوە، سەکۆی بەرگریی، ناوەندی فەرمانداریی، چەک و ئۆتۆمبیلی چەکدارانی داعش کرانە ئامانج.
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای تورکیا لە ناوچەی ئەلباب ھێرشیان کردە سەر ٤٠ ئامانجی رێکخراوی تیرۆریستی داعش و لە ئەنجامدا، ٢٩ شوێنی حەوانەوە، سێ بارەگا، جبەخانەیەک، سێ ئۆتۆمبیلی چەکھەڵگر و چوار ئۆتۆمبێلی دیکە کە دووانیان بۆمبڕێژکراوبوون لەناوبران. ھەروەھا ٢٢ تیرۆریستیی رێکخراوەکەش کوژران.
لەلایەکی دیکەوە لەو ناوچانەی لە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش پاککراوەتەوە کارەکانی دۆزینەوە و پوچەڵکردنەوەی بۆمب و تەقەمەنی درێژەی ھەیە و، لەو چوارچێوەیەشدا سێ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکرانەوە.
لەسەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تا ئێستا ٢ ھەزار و ٨٤٥ بۆمبی دەستکرد پووچەڵکراونەتەوە و ٤٣ مین بەشێوەیەکی کۆنترۆڵکراو تەقێنراونەتەوە.