دیاربەکر
دوای پشکنینی پزشکی پێویست لە (نەخۆشخانەی حکومی دیاربەکر) تەرمەکانی (عەیشە سورەر)ی ٣٨ ساڵی و کوڕەکەی (سلێمان فڕات سورەر)ی چوارساڵ و (ئەمینە ئیپەک)ی ٢٧ ساڵ و ھەردوو منداڵی (نیزامەدین ئیپەک)ی حەوت ساڵ و (نارین ئیپەک)ی ١٠ ساڵی لە گۆڕستانی یەنیکۆی بەخاک سپێردران.
بەدرخان سورەری ٧٠ ساڵ خزمی عەیشە سورەری کوژراوە لە گۆرستان بۆ رۆژنامەنووسان روونیکردەوە کە لە گوندی (قەوسان) سەر بە قەزای (ستەور) بە ھۆی کێشەیەکی مڵکدار شەڕ لە نێوان دوو بنەماڵەدا رووی داوە ولە ئاکامدا دوو برا کوژران و ھەر یەک لە عەبدولقادر سورەر، جەلیل سورەر و محەمەد بۆزۆ ئیپەک دەستگیرکران.
بەدرخان سورەررایگەیاند: دوای رووداوەکە بنەماڵەی سورەر و ئیپەک گوندیان بەجێھشت و روویان لە دیاربەکر کرد و گوتی" دواتر چەند جار ماڵی بنەماڵەی ئیپەک لەناوچەی (باغلار)ی دیاربەکر لە لایەن کەسوکاری کوژراوەکانەوە ئاگری تێ بەردرا و لە ئاکامدا دوو منداڵی بنەماڵەی ئیپەک بە ناوی (فەرزەندە)و (نورھەق) گیانیان لەدەستاو ١٠ منداڵ و ١٣ کەسی دیکەێش بریندار بوون. دوێنێش پێنج کەس لە بنەماڵەکەمان کوژران. گەیشتمە ئەو تەمەنە نەمبیستووە منداڵ و ئافرەت ببنە قوربانی کێشەی خوێنداری. چەندین جار ویستمان لەگەڵ ئە بنەماڵەیەدا ئاشت ببین، زۆریش ھەوڵمان دا، ئەوان قەبوول نەدەکرد و داوای تووڵە سەندنەوەیان کرد.
رۆژنامەنووسەکان کاتێک ویستیان وێنە لە مەراسمی بەخاکسپاردن بگرن رووبەرووی نەرەزایەتی کەسوکاری کوژراوەکان بوونەوە و کەسوکاری قوربانیان رایانگەیاند: پێشتر چەند جار ئاگریان لە ماڵی ئێمە بەردا کەچی کەس نەھات قسەیەکی لە سەر بکا.
لەلایەکی دیکەوە راگەیاندرا ھەر یەک لە (جەلیل سورەر) و (محەمەد بۆزۆ) داوای مۆڵەتیان کردووە تا بەشداری لە مەراسمی بەخاکسپاردن بکەن بەڵام داواکارییەکیان بە ھۆی باری ئاسایشیەوە ەرد کراوەتەوە.