Mesut Varol
26 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 27 حوزەیران 2016
سەرۆکی گشتیی هودا پار، زەکەریا یاپجیئۆغڵو سەبارەت بە هێرشەکانی پەکەکە رایگەیاند ''هەموو هێرشێکی توندوتیژی لەمەودوا، لە دژی ئێوە دەنووسرێتەوە. بەدەستی خۆتان کۆتایی بە خۆتان دەهێنن. واز لەمە بهێنن و چەک وەک ئامێری داواکردنی مافەکان بەکارمەهێنن''.
یاپجیئۆغڵو لە ئێوارە خوانێکی بەربانگدا کە لەلایەن پارتەکەیەوە لە شاری وان رێکخرابوو، باسی لە کۆتایی هێنان بە قۆناغی پێکدانەدان لەلایەن پەکەکەوە و ئەو وێرانکارییە کرد کە بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە ژمارەیەک لە شارەکان هاتووەتە ئاراوە.
زەکەریا یاپجیئۆغڵو گوتی: ''پەکەکە زیانی گەورەی بەرکەوتووە. زیانەکان لە رووەکانی رەوایەتی پێدان لەلایەن کۆمەڵگاوە، لاوازبوونی هێزی چەکدارییان و لەدەستدانی ئەندامان و داراییان. لەسەر ئاستی پشتیوانیی نێودەوڵەتیش لە پەکەکە هەندێک پاشەکشە روویان دا''.
گوتیشی: ''هەموو هێرشێکی توندوتیژی لەمەودوا، لە دژی ئێوە دەنووسرێتەوە. بەدەستی خۆتان کۆتایی بە خۆتان دەهێنن. واز لەمە بهێنن و چەک وەک ئامێری داواکردنی مافەکان بەکارمەهێنن. لەم قۆناغەی ئێستادا لەوانەیە ئەوانیش پەشیمان بووبێتنەوە. چەندین جار داوای راپەڕینی جەماوەرییان لە گەل کرد. بەڵام هیچ کەس بەدەم داواکارییەکانیانەوە نەچوو''.
سەرۆکی گشتیی هودا پار باسی لەوە کرد کە هەوڵ هەیە کورد لە ئیسلام دووربخرێتەوە و ''ئەمە پرۆژەیەکی ئیستیعمارییە، پەکەکەش ئامێرێکی گونجاوە بۆ ئەم بابەتە. هێزە نێودەوڵەتییەکانیش پەکەکە بۆ ئەم کارە بەکاردەهێنن. ئەوانیش بەخواست و رەزامەندی خۆیان ئەم کارە دەکەن، چونکە ئایدۆلۆجیاکەیان رێگەیان پێدەدات. تا ئەو کاتەی کوردەکان پارێزگاریی لە ناسنامە ئیسلامییەکەیان بکەن، ناتوانن خاوەندارێتیی لە ئایدۆلۆجیای پەکەکە بکەن، چونکە ئەو دووانە دژی یەکن''.