وان / هەکاری
لەگەڵ دەستپێکی قۆناغی چارەسەری، کەرتی ئاژەڵداری لە ناوچەکانی هەکاری و وان بووژانەوەی بەرچاویان بەخۆیانەوە بینیوە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی لەماوی پێشوودا چەندین رووداوی نەخوازراو هاتنەئاراوە.
ساڵانی پیشووتر بەبیانووی بارودۆخی ئەمنییەوە ئەو ناوچە دەشتەکی و شاخاوییانەی کە چوونە ناویان قەدەغە کرابوو، لە ئێستادا بەهۆی قۆناغی چارەسەرییەوە بەڕووی هەموولایەکدا کراونەتەوە و بەو هۆیەشەوە لە وەرزی بەهاردا شوانەکان مەڕ و ماڵاتی خۆیان دەبەنە ناوچە شاخاوییەکان بۆ لەوەڕاندن و لەگەڵ ساردبوونی کەشوهەوادا بەرەو ناوچەکانی خوارتر دەگەڕێنەوە.
شوانەکان لە لێدوانیاندا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بەو شێوەیە باس لە قۆناغی ئاشتی دەکەن
حاجی ئەرسەلان شوانکارێکی ناوچەی گەڤەری سەر بە هەکاریە. ئەو مانگانە بە بڕی ٢ هەزار لیرە یان ١٥٠٠٠ لیرە (٩٥٠ $) کاری شوانی ئەنجام دەدات.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەکات کە لەکاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا هەموو رۆژێک کاری خۆی ئەنجام داوە و جاروبار کەوتووەتە نێو شەڕی قورسەوە و باس لەوەش دەکات کە هەندێک لە شوانەکان گیانیان لەدەست داوە. ئەرسەلان باس لەوە دەکات لە گەڵ دەستپێکی قۆناغی چارەسەریدا لەبری دەنگی چەک ئێستا دەنگی مەڕ و بزن و بەرخ دەبیستین لەو ناوچانە و دەشڵێت گەڤەر دوای ١٤ ساڵ ئێستا شادی و خۆشی بەخۆیەوە دەبینێت.
ئەرسەلان ئاماژە بە زەرورەتی بەردەوامی دان بە ئاشتی دەکات و دەڵێت:
ماوەی ١٤ ساڵە بەشوانی نانی ماڵەوە دابین دەکەم ، هەڵبەت ئەم ناوچەیە لەڕووی جوغرافییەوە زۆر سەختە لەساڵانی رابردوودا تووشی ئاستەنگی زیاتر دەبووین، ئاستەم بوو بتوانین ئاژەڵ لەیەک شوێن راگرین لەبەر دەنگی چەک، جار و بار بەزەحمەت خۆمان بۆ رزگار دەکرا بەڵام ئێستا سوپاس بۆخوا دەنگی چەک نابیستین و دڵخۆش و شادمانین. بۆ هەر کوێ بمانەوێت دەچین تاکو ئاژەڵەکانمان بەخێو بکەین.
ئەرسەلان ئاماژە بەوە دەکات کە ئەمساڵ بەفر زووتر لە سەرچیاکان باریوە و هەربۆیە پاش گەڕانەوەیان بۆ نێو دەشتودەر، ئاژەڵەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکاتەوە لەماوەی ١٠ رۆژی تردا .
گورگین مەرتەر یەکێکی ترە لە شوانەکانی ناوچەی وان، ئەو لەڕێی شوانییەوە 6 منداڵی بۆ خوێندن ناردووە و ئاماژە بەوە دەکات کە تەواوی تەمەنی بە شوانییەوە بەسەر بردووە.
مەرتەر باس لەوە دەکات کە لەمانگی نیسانەوە ئاژەڵەکان وەردەگرن و بەرەو دەشت و دۆڵ و چیاکان بەڕێ دەکەون و پاش ساردبوونی کەشوهەوا و لەگەڵ بارینی بەفردا دێنەوە و ئاژەڵەکان رادەستی خاوەنەکانیان دەکەنەوە.
مەرتەر ئاماژە بەوە دەکات بۆ دابین کردنی داهاتوویەکی باش بۆ منداڵەکانی ئامادەیە هەموو ناڕەحەتییەک بچێژێت. باس لەوەش دەکات کە لە ساڵانی رابردوودا کاری شوانی زۆر ئەستەم بووە و بەهۆی شەڕوشۆڕەوە. ئەو ئێستا خۆی بە دڵخۆش دەزانێت کە هاوشانی قۆناغی چارەسەری کاریگەریی باش لەسەر ژیانی ئەوانیش دروست کردووە.
رەجەب گوزەلتورک ی ١٩ ساڵ بەهۆی کەم دەرامەتیەوە ناچار دەستی داوەتە شوانی و دەڵێت:
لەساڵانی رابردوودا بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانەوە ماڵەوەیان بەردەوام خەیاڵیان لای ئەو بووە. بەردەوام کاتێک بۆ ماوەی ٦-٧ مانگ دەچووینە شوێنێک کە تۆڕی مۆبایل کاری لێ نەدەکرد، خێزانەکەمان بیریان لای من بوو بەڵام ئێستا بەهۆی قۆناغی چارەسەرییەوە ترس و دڵەڕاوکێ لەماڵماندا نەماوە و هیوادارم بەردەوام بێت. لەو بڕوایەدام بەهۆی ئەم قۆناغەوە ژمارەی ئاژەڵ لەنێو بازاڕدا زیاد بکات.