Abdullah Shukur
28 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 29 شوبات 2016
سەرۆکوەزیرانی تورکیا، ئەحمەد داودئۆغڵو لە سەردانێکیدا بۆ شاری بینگۆل، وتارێکی پێشکەش کرد و راشیگەیاند کە ئەو لە کاتی سەردانی بۆ بینگۆل بە زمانی کوردی و زازاکی قسەی کردووە. گوتیشی: "ئەگەر ئەمە لە کاتی پێشوو روویدابا ئەوا زۆر کەس ناڕەزاییان دەردەبڕی بەڵام ئێستا کەس دڵگران نابێت. چونکە ھەموو کەسێک دەزانێت ئەم زمانانە وەک شیری دایک حەڵاڵن. ئێمە سەیری مانای وشە دەکەین و سەیری ئەو دڵانە دەکەین کە لە دوای ئەو وشانەوە ھەن. ھاوکات شێوەزاری رومێلی لە ئەدیرنە، تورکییەکەی محەمەد بێیی لە ئانادۆڵوی ناوەڕاست، ھەروەھا کوردییەکەی ئەحمەدی خانی و عەرەبییەکەی پەیامبەر محەمەد ھەموویان جوان و رێک و ئازیزن".
داودئۆغڵو راشیگەیاند کە ھیچ کەسێک ناتوانێت ھیچ شتێک لەسەر کەسانی دیکە بسەپێنێت. زیاتر گوتیشی: "ئیتر ئەم پەراوانە داخران. کەس ناتوانێت ھیچ شتێک بسەپێنێت. ئێمە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیوی قۆناغی چارەسەری گشت ھەنگاوێکی پێویستمان ھاویشت. بەڵام ئەوان خۆیان سەرقاڵ کردبوو بە دروستکردنی حەشارگە لە شارۆچکە و چیاکانی ئەم وڵاتە. ئێمە رێکاری خاڵی پشکنینمان لەسەر رێگاکان ھەڵگرت کە لە ساڵەکانی ٩٠ خەڵک زۆر سکاڵای لەسەر ھەبوو. ھاوکات ئازادی گەشت کردنمان لە نێو تورکیا دەستەبەر کرد، بەڵام یەکێک لە پەرلەمانتاران بە ئۆتۆمبێڵەکەی خۆی چەکی لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە گواستەوە ئەمانە ئازادی خراپ بەکاردەھێنن. ئەگەر پاڵەپەستۆش بخرێتە سەریان ئەوا لە بەرامبەر ئەمە ھاووڵاتیان کورد ھان دەدەن. دەزانن ئەمانە چیان دەوێت؟ دەیانەوێت شەڕ لە نێوان براکان ھەڵبگیرسێت".