لیزبۆن
دوای دیداری نێوان سەرۆكوەزیرانی توركیا ئەحمەد داودئۆغڵو و سەرۆكوەزیرانی پورتوگال پاسۆس كۆئەلهۆ لە تەلاری وەزارەتی دەرەوە، هەردوولا سەرۆكایەتی یەكەمین كۆبوونەوەی نێوان هەردوو حكوومەتی توركیا و پورتوگال-یان كرد.لە دوای ئەو كۆبوونەوەیە كۆئەلهۆ و داودئۆغڵو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانیان دایەوە.
لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا داودئۆغڵو وەڵامی پرسیاری توركیا لە كویێ ئۆپەراسیۆنی ئازاد كردنی مووسڵدایە؟ دایەوە وگوتی:" ئەو دوو فڕۆكە بارهەڵگرە كە كەرستەی سەربازییان بردووە بۆ بەغدا، لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەدا بووە كە كاتی سەردانی سەرۆكوەزیرانی عێراق حەیدەر عیبادی بۆ توركیا و دیداری لەگەڵ وەزیری بەرگریدا بڕیاری گەیاندنی بۆ عێراق درابوو".
داودئۆغڵو گوتی: "لە نێوان توركیا و بەغدا لە بواری بەرگری و ئەمنیدا رێككەوتن ئیمزا كراوە و لەو چوارچێوەیەدا پاراستنی ئەمن و ئاسایشی عێراق بۆ توركیا زۆر گرنگە. هاوكات لە كاتی سەردانی ئێمە بۆ بەغدا، لەگەڵ بەغدا و لەگەڵ هەولێردا دیدارمان ئەنجامدا و دواتر سەردانی ئەو هێزە سەربازییانەی توركیام كرد كە لە نزیك هەولێردا راهێنانیان بە هێزی پێشمەرگە دەكرد هەر لەو چوارچێوەیەشدا لەگەڵ هەولێریش رێككەوتنی ئەمنیمان ئیمزا كردووە".
داودئۆغڵو گوتیشی: "ئارامی و ئاسایشی عێراق و سووریا بۆ توركیا زۆر گرنگە، ئەو مەترسییانەی لە لایەن داعش و رێكخراوە تیرۆریستییەكانی دیكەوە لە نێو خاكی ئەو دوو وڵاتەدا دەركەوتوون بۆ توركیایش مەترسی ئەمنییە و هەڵوێستی توركیا لەو بارەوە روون و ئاشكرا بووە و هاوكات توركیا هەمیشە لەدژی هێرشە خوێناوییەكانی رژێمی سووریایش بووە و لە دژی هێرشە دڕەندانە و هەڵوێستە دژە مرۆڤایەتییەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكانیش بووە. هەر لەو چوارچێوەیەدا سوپاسالاری توركیا مانگی رابردوو بەشداری لە كۆبوونەوەی هاوپەیمانی جیهانی دژی داعشی كرد كە لە سعوودیە بەسترا. لەسەر ئاستی وەزیریش توركیا بەشداری لە كۆبوونەوەكانی پێشووتری كردووە و وەزیری بەرگری توركیا لە رۆژانی رابردوو بەشداری لە كۆبوونەوەیەكی دیكەی لە واشینتۆن كرد و توركیا لە نێو ئەو پڕۆسەیەدا بەردەوامە لەسەر راوێژكردن، بۆیە ئازادكردنی مووسڵ و ئازادكردنی خەڵكی ئەو شارە و رواندنەوەی هەڕەشە و مەترسی تیرۆریستان لەسەر خەڵكی شارەكە بۆ ئێمە رۆلێكی مێژوییە، لەو چوارچێوەیەدا پشتگیریمان لەو هەوڵانە كردووە كە لەلایەن حكوومەتی بەغدا و هەولێر و پارێزگاری مووسڵ ئەنجامدراون".
داودئۆغڵو گوتی: "هەفتەی رابردوو جێگری سەركۆماری عێراق ئوسامە نوجێفی سەردانی توركیای كرد و ناوبراو لە لایەن سەركۆمارەوە بۆ كاروباری ئازاد كردنی مووسڵ راسپێردراوە، یەك لە ئەركە تایبەتییەكانی ئەمەیە، باسمان لە هەموو ئەو بابەتانە كرد بەڵام تا ئێستا بێجگە لەو كارانەی كە جێبەجێ دەكرن باس لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن نەكراوە".