ئەنقەرە
ئەحمەد داودئۆغڵوی وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند تورکیا بەھیچ شێویەک ھاوکاری و پشتگیری لە ھیچ گرووپێکی سەر بە ڕێکخراوی قاعیدەی نەکردووە.
ھەورەھا ئاماژەی بەوەدا، ھەندێ لایەن دەیانەوێت لەڕێی دروستکردنی پروپاگەندەی لەو شێوەیەوە وای نیشان بدەن ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە و بەوەیش رەوایی بدەنە ھەڵمەتەکانی ئەسەد.
داودئۆغڵو لە میانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش لەگەڵ ھاوتا دانیمارکیەکەی (ڤیلی سوڤنداڵ) لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنوسێکی دانیمارکیدا سەبارەت بە دەنگۆی دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری سوریا بەتایبەت پشگیریکردنی تورکیا لەو گرووپانەی ئۆپۆزسیۆنی سوریا کە لە قاعیدەوە نزیکن، رایگەیاند: ئێمە ھیچ کاتێک پشگیری ھیچ گرووپێکی نزیک لە قاعیدەمان نەکردووە و نەمانھێشتووە سنورەکانی ئێمە بەکار بھێنن.
راشیگەیاند، ھەندێ لایەن لەڕێی دروستکردنی پروپاگەندەی ڕەشی ھاوشێوەی ئەمەوە دەیانەوێ وای نیشان بدەن ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ڕووبەڕووی تیرۆر دەبێتەوە تا شەرعیەت بە فشارەکانی بەشار ئەسەد بدەن.
داودئۆغڵو گوتی "ھیچ کەسێک ناتوانێ زاتی ئەوە بکا گوتەیەکی لەو شێوەیە بەرامبەر تورکیا بەکاربھێنێ" .
وەزیری دەرەوە لەبارەی ئاوارە سوریەکانەوە رایگەیاند: ئەگەر ئێمە سنورەکانی خۆمان بە ڕووی ئاواری سوریەکاندا دابخستایە، بەسەدان ھەزار سوریمان بە برسێتی لەو دیو سنور بەجێدەھێشت، ئەگەر ئەو ئاوارانەشمان تەسلیم بە سەربازی سوری بکردایەتەوە، ھەر لەو دیو سنور دەدرانە بەر دەستڕێژی گوللە .
لەسەر پرسی ھاوکاریکردنی ھاوپەیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دادودئۆغڵو رایگەیاند، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا و ئەمریکاو وڵاتانی عەرەبی و جیھانی ئیسلامی پشگیری لەو ھاوپەیمانییە دەکەن.
ھەروەھا گوتی "ئێمە نامانەوێ دوای دەساڵ وا یادی تورکیا بکرێتەوە کە بڵێن تورکیا وڵاتێک بووە ڕێگەی بەو کەسانە نەداوە لە دەستی ڕژێمێکی خوێنڕێژ ڕزگاریان بێ، ئێمە دەمانەوێ بڵێن تورکیا وڵاتێک بووە بۆ بەدەستھێنانی دیموکراتی ھاوکاری کردووین".