Ömer Yasin Ergin
08 مای,س 2022•نوێکردنەوە: 09 مای,س 2022
دیاربەکر-AA
دایکانی دیاربەکر، بەئومێدی شادبوونەوە بە رۆڵەکانیان کە رفێندراون بۆ چیا، لەبەردەم بینای مەڵبەندی سەرەکی هەدەپە، بەردەوامن لە ئێشکگری و رۆژێکی دیکەی دایکیان لە دووری رۆڵەکانیان، پیرۆز کرد.
هاجیرە ئاکار یەکێک بوو لەو دایکانەی کە دژبە رفاندنی کوڕەکەی، مەهمەت ئاکار لە ۲۲ی ئابی ۲۰۱۹ەوە دەستی بە ئێشکگری کرد و دوای شادبوونەوەی بە رۆڵەکەی بووە نموونە بۆ دایکانی دیکە.
لە سێی ئەیلوولی هەمان ساڵدا ئەو خێزانانەی دیکەش کە منداڵەکانیان رفێندرابوو بەشداری ئێشکگرییەکەیان کرد و لەو کاتەوە تا ئێستا ۹۷٨ رۆژە ئێشکگری دایکان بەردەوامن و ژمارەشیان گەیشتووەتە ۲٨٥ خێزان.
تا ئێستاش ۳٥ خێزان بە رۆڵەکانیان شادبوونەتەوە.
- "رۆژی دایک لای ئێمە بە مانای غەم و ئازار دێت"
نەجیبە چیفتچی یەکێکە لەو دایکانەی بەشداری ئێشکگری دایکانی کردووە و تەنها ئاواتی شادبوونەوەیە بە کوڕەکەی کە شەش ساڵ بەر لەئێستا رفێندراوە بۆ چیا.
نەجیبە چیفتچی لە لێدوانێکیدا باسی لەوە کرد کە کاتێک کوڕەکەی لەگەڵبووە، هەموو ساڵێک لە رۆژی دایکدا گوڵی بۆ کڕیوە، بەڵام ئێستا کە کوڕەکەی دوورە لێی هەموو ساڵێک رۆژی دایک بۆ ئەو بە مانای ئازار و غەم دێت.
ناوبراو پەیامێکیشی ئاراستەی کوڕەکەی کرد و گوتی: "کوڕەکەم ئیدی بگەڕێرەوە. لەئێستادا رۆژی دایک بۆ ئێمە بە مانای غەم و ئازار دێت. پشت بە خوا جارێکی دیکە دێیتەوە و لە رۆژی دایکدا گوڵم بۆ دەکڕیت. ئەو رۆژەی تۆ دێیتەوە جەژنی منە لە ئامێزت دەگرم و ماچت دەکەم".
- "جوانترین دیاریی بۆ من گەڕانەوەی کوڕەکەمە"
ئایتەن ئەلهامان یەکێکی دیکەیە لە دایکانی دیاربەکر و چاوەڕێی گەڕانەوەی بایرامی کوڕی دەکات.
ئایتەن ئەلهامان باس لەوە دەکات کە تا کاتێک کوڕەکەی لێی دووربێت، رۆژی دایک رۆژێکی پڕ لە غەم و ئازار دەبێت بۆی و دەشڵێت "رۆژی دایک لای من هیچ مانایەکی نییە، چونکە کوڕەکەم لێرە نییە. جوانترین دیاریی بۆ من گەڕانەوەی کوڕەکەمە".