Sangar Hamad Azeez
01 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2016
دیاربەکر - AA
لە شارۆچکەی چناری سەربە پارێزگای دیاربەکر، هێزەکانی ئەمنی تورکیا دەستیان بەسەر تونێلێکدا گرت کە درێژییەکەی چوار مەتر و بەرزییەکەشی یەک مەتر بوو و، لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە ئامادە کرابوو بۆ ئەوەی بۆمبی چێنراوی لەناودا بنێن.
پارێزگای دیاربەکر روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا رایگەیاند "لەم چەند ماوەی دواییدا رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز چالاکییەکانی لەناوچەکە زیاد کردووە کە بەهۆیەوە کاریگەری نەرێنی کردووەتە سەر رەوشی ئابووری ناوچەکە".
روونکردنەوەکە جەخت دەکاتەوە لەوەی کە هێزەکانی ئەمنی، تەواوی هەوڵی خۆیان دەخەنە گەڕ تاوەکو گیان و ماڵ و سامانی هاووڵاتییان بپارێزن و بۆ ئەم مەبەستەش تەواوی رێکارە ئەمنییەکان دەگرنە بەر.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە "لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، تیمی دژە تیرۆری سەربە فەرماندەی جەندرمەی دیاربەکر، لەسەر رێگای سەرەکی دیاربەکر- باتمان لە شارۆچکەی چنار دەستیان بەسەر تونێلێکدا گرت کە چەکدارانی پەکەکە بە ئامانجی دانانی بۆمبی دەستکرد دروستیان کردبوو تاوەکو بە هێزەکانی ئەمنی تورکیا بیتەقێننەوە، بەڵام خۆشبەختانە بەر لە تەواوبوونی کارەکە دەستی بەسەردا گیراوە".