Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2016
واشنتۆن - AA
- جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا مەهمەت شیمشەک:
- ''تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کوردەکاندا نییە. بەپێچەوانەوە، تورکیا بەبوونی هاووڵاتییە کوردەکانییەوە بەهێزترە. هیچ نیشانەیەکی پرسیار لەوبارەیەوە نییە. بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ پەکەکەدایە''
- ''پەکەکە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە. هەمان شت بۆ باڵی سووریای پەکەکەش راستە. ئەوەی کە خاوەنی دوو بۆچوونی جیاوازین لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکادا زۆر مایەی دڵتەنگیمانە. من پێموایە دۆستە ئەمریکییەکانمان لەکۆتاییدا بۆچوونیان لەوبارەیەوە دەگۆڕن''.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا مەهمەت شیمشەک بەشداریی لە کۆنفرانسی 35 ساڵەی پەیوەندییەکانی ئەمریکا-تورکیادا لە واشنتۆن کرد کە بەهاوکاریی هەریەک لە کۆنسەی کاری ئەمریکا-تورکیا و کۆنسەی تورکیا-ئەمریکا سازکرابوو.
لەوەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەنیگەرانییەکان لەبارەی بڕیارە یاساییەکانی دژی سیاسەتمەدارە کوردەکان و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لەناوچەکانی خۆرهەڵاتی تورکیا، مەهمەت شیمشەک ئاماژەی بەوەکرد خۆیشی بەرەگەز کوردە و گوتی:
''من لە خێزانێکی زۆر خاکیم. دایک و باوکم جووتیار بوون، یەک وشە تورکییان نەدەزانی. من لەگەڵ دەستکردنم بە خوێندن لەتەمەنی شەش ساڵیدا دەستم بەفێربوونی زمانی تورکی کرد. تورکیا هیچ کێشەیەکی لەگەڵ کوردەکاندا نییە. بەپێچەوانەوە، تورکیا بەبوونی هاووڵاتییە کوردەکانییەوە بەهێزترە. هیچ نیشانەیەکی پرسیار لەوبارەیەوە نییە. بەڵام کێشەی ئێمە لەگەڵ پەکەکەدایە. پەکەکە لەلیستی تیرۆری ئەمریکا، یەکێتیی ئەورووپا و نەتەوەیەکگرتووەکاندایە. ئەمریکا هەستی بەمە کردووە و هاوپەیمانێکی زۆر نزیکمانە لەوبارەیەوە''.
شیمشەک باسی لەوەکرد تورکیا لەماوەی 15 ساڵی رابردوودا بەسەرکردایەتی سەرکۆمار رەجەب تەیب ئەردۆغان ژمارەیەکی زۆر هەنگاوی دیموکراتی ناوە،گوتیشی:
''پەکەکە ئەم ژینگە ئەرێنییەی بەشێوەیەکی خراپ بەکارهێنا و جەنگێکی توندی دژی بەتورکیا بەرپاکرد. کوردەکان لەبەر ئەمە تووشی ئازاربوون. ئەمە جگە لەوەی شارەوانییەکانی ناوچەکانی خۆرهەڵات پشتیوانییان لە پەکەکە کردووە و بەڵگەی بەهێزیش لەوبارەیەوە هەیە. لەبەر ئەوە پێویستە ئەو رێکارانەی تورکیا گرتوونییەتە بەر لەوچوارچێوەیەدا لێکبدرێنەوە''.
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئاماژەی بەوەکرد هاریکاریی نێوان ئەمریکا و پەیەدە/یەپەگە بۆ ناوچەکە ''زیانبەخشە'' و گوتی: ''پەکەکە کێشەیەکی گەورەیە بۆ ئێمە. هەمان شت بۆ باڵی سووریای پەکەکەش راستە. ئەوەی کە خاوەنی دوو بۆچوونی جیاوازین لەو بارەیەوە لەگەڵ ئەمریکادا زۆر مایەی دڵتەنگیمانە. من پێموایە دۆستە ئەمریکییەکانمان لەکۆتاییدا بۆچوونیان لەوبارەیەوە دەگۆڕن''.