بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو کەمال ئۆزتورک لە شاری تونسی پایتەختی تونس، بەشی زمانی فەرەنسی کە رۆژی ٦ی نیسان لەسەر بەشەکانی دیکەی ئەو ئاژانسە زیادکرابوو کردەوە.
لە رێوەرەسمی دەستپێکردنی بەشی فەرەنسی ئاژانسی ئانادۆڵو، باڵیۆزی تورکیا لە تونس عومەر گوجوک، سەرۆکوەزیرانی پێشووی تونس عەلی عورەید و چەندین ئامادە بوون.
کەمال ئۆزتورک لە میانی ئەو رێوەڕەسمەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و گوتی: "دەمانەوێ دەرفەتی ھەڵسەنگاندنی ھەواڵەکان بۆ جیھان بڕەخسێنین. گرنگییەکی زۆرمان بە بەشی فەرەنسی و ناوەندی تونس داوە چونکە بەشی فەرەنسی بۆ ئێمە زۆر گرنگ و پڕبایەخە، لە بەشێکی زۆری وڵاتانی جیھان رێگە بە کارکردنی ئاژانسەکان نادرێ، بەڵام ئاژانسی ئانادۆڵو لە سایەی بێلایەنییەوە توانیویەتی بە ئاسانی درێژە بە کارەکانی بدا."
سەرۆکوەزیرانی پێشووی تونس عەلی عورەیدیش گوتی: "کردنەوەی بەشی فەرەنسی ئاژانسی ئانادۆڵو لە تونس، نیشانەی گۆڕانکاری زۆر گەورە لە بواری ئازادییەکان لە جیھانی عەرەبی و بە تایبەتی لە تونسە، بەبۆنەی کردنەوەی ئەو نووسینگەیە پیرۆزبایی لە ئاژانسی ئانادۆڵو دەکەم."
لەگەڵ دەستپێکردنی بەشی فەرەنسی ئاژانسی ئانادۆڵو، نووسینگەکانی ئەو ئاژانسە لە داکاری پایتەختی سەنیگال، پاریس، برۆکسل و ھەروەھا تۆڕی پەیامنێرانی لە بورکینۆ فاسۆ، ساحل عاج، گینا، ئەفریقای ناوەڕاست، مالی، گابۆن، مەدەغشقەر و دوورگەکانی کۆمۆر دامەزراندووە و ئەو پەیامنێرانە لە ناوچەکەدا وەکو رۆژنامەوانی ئازاد کار دەکەن.
بەشی فەرەنسی ناوەندەکەی لە تونس دەبێ بۆ وڵاتە فەرەنسی زمانەکانی وەکو جەزائیر، فاس، سەنیگال، نێجیر، فەرەنسا و بەلجیکا ھەواڵ و زانیاریی بڵاو دەکاتەوە.