پەرلەمانی توركیا
دەمیرتاش لە ناو پەرلەمانی توركیا لەگەڵ رۆژنامەنووسان ئاخاوت و باسی لە دیدارەكەی خۆی و ئەحمەد داودئۆغڵو سەرۆكوەزیرانی توركیا كرد.
دەمیرتاش ئاماژەی بەوەدا كە گرنگە لەزاری داودئۆغڵووەوە ببیستی كە یارمەتی داعش نادەن، هاوكات رایگەیاند، لە كۆبوونەوەكەدا باس لە كردنەوەی رێگایەكی هاوكاری بۆ كۆبانێ تاوتوێ كراوەو دەمیرتاش لە زاری داودئۆغڵووەوە گێرایەوە كە هیچ شتێك رێگریان نابێت لەبارەی گەیاندنی یارمەتی مرۆیی بۆ كۆبانێ، هەروەها راشیگەیاندووە ئەوان وەك توركیا هیچ خوازیاری ئەوە نین كۆبانێ بكەوتێتە دەست داعش.
هەرلەوچوارچێوەیەدا دەمیرتاش ئاماژەی بەوەشدا، بیروڕایان گۆڕیوەتەوە لەبارەی گۆڕینی ئەو تێڕوانینەی كە پێی وایە توركیا پشتگیری داعش دەكات و لەزاری داودئۆغڵو شەوە ئەوەی باس كرد كە توركیا سەری سوڕماوە لەو مشتومڕانەی باس لە خواستی توركیا دەكەن بۆ ئەوەی كۆبانێ بكەوێتە دەست داعش و هەروەك داودئۆغڵو ئەوەشی پێڕاگەیەندوون كە ئەوان لەگەڵ ئەوەدان، كە دەبێت ناوچەكە لەداعش پاك بكرێتەوە، ئاماژەی بەوەشداوە ئامانجی سەرەكیان لە درێژ كردنەوەی مۆڵەتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆ دەرەوەی سنوور هەر ئەوەیە تا بتوانن داعش لە ناوچەكەدا هەڵكەنن.
هەروەها هاوسەرۆكی گشتی هەدەپە باسی لەوە شكرد، داودئۆغڵو ئاماژەی بەوەداوە دەبێت ناوچەیەكی دژە فڕین لە باكوری سوریا دروستبكرێت تاكو فڕۆكە جەنگییەكانی سوریا نەتوانن بڕۆنە ناوچەكە.
دەمیرتاش راشیگەیاند، كە گوتەكانی داودئۆغڵو لەبەرامبەر ئایسەڵ توغڵوكی پەرلەمانتاری سەربەخۆ قابیلی قبوڵ نەبووە، هەروەك داودئۆغڵو پێی راگەیاندوون كە ئەو ئاگاداری ئەو دەستێووەردانەی پۆلیس نەبووە كە لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانی دژی داعش ئەنجامدراوە.
دەمیرتاش دووپاتیكردەوە، ئەوان لە گەڵ درێژ كردنەوەی مۆڵەتی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەرەوەی توركیادا نین و داودئۆغڵوش لەوبارەیەوە پێی راگەیاندوون كە ئەو مۆڵەتە ناكرێت وەك راگەیاندنی هەڵایسانی جەنگ تەماشا بكرێت، ئەگەر نا زیان بە رۆحیەتی قۆناغی چارەسەری دەگەیەنێت، هاوكات داودئۆغڵو رایگەیاندووە كە ئەوە مۆڵەتی جەنگ نییە.
هەرلەوچوارچێوەیەدا سەلاحەدین دەمیرتاش ئاماژەی بەوە داوە، نابێت توركیا رێگری بكات لە رەوانە كردنی چەك بۆ پەیەدە لەدژی داعش ،جونكە كورد بەو چەكانە لەكۆبانێ خۆیان دەپارێزن.
دەمیرتاش جەختی كردەوە لەوەی كە ناكرێت چاوی خۆیان لە ئاست ئەنجامدانی كۆمەڵكوژی لەلایەن داعش لە كۆبانێدا بنووقێنن و گوتی:
"پێكەوە دەمانەوێت بناغەی ژیان بەهێز بكەینەوە ، بۆیە سەرقاڵین بەوەی كە قۆناغی چارەسەری خزمەت بەمە بكات. ئەگەر چەك رەوانە بكرێت، بۆ توركیا ئەمە نەكات ؟ باشە لۆجیكی تر نییە ئەگەر پەیەدە چەك لەتوركیا وەربگرێت؟ باشە ئەمە كاریگەری زۆر ئەرێنی ناكاتە سەر پەیوەندی كورد و تورك لەناوچەكە. ؟ با توركیا مەشق و راهێنانیشیان پێ بكات، بەپێچەوانەوە ئەگەر كۆمەڵكوژی رووبدات و داعش ئاڵای خۆی لە سنووردا هەڵبدات ، ئایا باشتر دەبێت؟"
ئێمە لە نیگەرانیەكانی ئەم حكومەتە تێدەگەین، دەبێت ئەم نیگەرانیانە بڕەوێنینەوە ،ئەویش لەرێگەی دیالۆگ و هاوبەشكردنی بەرژەوەندیەكانی هەردوولا ، ئەوكات سیاسەتی توركیاش بەرامبەر ناوچەكە ئاهێكی بەبەردا دێت. هەركاتێك دەڵێین با توركیا یارمەتی پەیەدە بدات ، والێكدەدرێتەوە ، كە گوایە ئێمە داوا دەكەین توركیا یارمەتی پەكەكە بدات، دواتر مشتومڕی ئەوە دروست دەبێت، ئەمڕۆ لەگەڵ پەكەكە ئاگربر لەئارادایە، من چەكی دەدەمێ، بەڵام كە سبەینێ ئاگربەست نەما، ئەوچەكانە، لوولەكانیان روودەكەنە خۆم. ئەم قۆناغە بەشێوەیەكی تەندروست دەڕوات بەڕێوە، ئەویش بە دروستكردنی متمانە، دەبێت لێكدانەوەی هەڕەشە كۆتایی پێبێت.
لێكدانەوەی قەندیلیش بەشێوەیەكە، كە توركیا یارمەتی داعش دەدات بۆ هێرشكردنە سەر كۆبانێ، ئەوكات قۆناغی چارەسەری چ سودێكی دەبێت ، ئەگەر توركیا دژی داعش بێت، ئەوا دەبێت ئەو تێگەیشتنە چاك بكرێتەوە ، قەندیل ئارەزووی كۆتایهێنان بە قۆناغەكە ناكات ، بەڵام دەبێت متمانە دروست ببێت.
دەمیرتاش گوتەكانی ئەردۆغانی لە میانی كردنەوەی خولێكی نوێی كاركردنی پەرلەمانی هەڵسەنگاندو رایگەیاند كە تائەمڕۆ هیچ سەركۆمارێك وا قسەی نەكردووە، بەڕێز ئەردۆغان هاوشێوەی وتارەكانی سەردەمی سەرۆكوەزیرانی كە بۆ فراكسیۆنەكەی دەیدا قسەی كرد و بەشێوەیەكی گونجاو لەگەڵ سیستەمی سەرۆكایەتی كە خۆی خواستی قسەی كرد. قسەكانی ناواخنی سیاسی بوو، قسەی سەرۆك وەزیرانێكی دەكرد. كە هەڵبەت ئەمەش بژاردەی بەئەنقەستی خۆیەتی.