پەرلەمانی توركیا - TBMM
بولەند ئارینچ جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا گوتی جگە لە سیستمی ھەڵبژاردن، ھەموو بابەتەکانی نێو پاکێجی دیموکراسی وەک پاکێجێک پێشکەشی پەرلەمان دەکرێ و دوور نیە پێش پرۆژەیاسای بودجە پەسەند بکرێ.
ئارینچ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "جگە لە سیستمی ھەڵبژاردن ھەموو بابەتەکانی پاکێج لەبەردەم ئەنجوومەنی وەزیراندان بۆ پەسەندکردنیان، وەکو پاکێجێک دێتەوە پەرلەمان، چونکە ھەموو وەک یەک بابەتن. ئەو بابەتانەی سەرۆکوەزیران لە وتاری راگەیاندنی پاکێجەکەدا باسی کردن بەیەک بەستە وەردەگرین".
ئارینچ ھەروەھا گوتی "ئێستا پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٤ لە پەرلەمان تاوتوێ دەکرێ و رەنگە تا ١٠ی کانونی یەکەمی داھاتوو ببێتە یاسا، بەڵام رەنگە پاکێجەکە پێش ئەوە ببێتە یاسا چونکە پێکەوەیە".
ئارینچ ئەوەشی ئاشکرا کرد تا ئێستا پارتەکانی دیکە لەبارەی سیستمی ھەڵبژاردنەوە ھیچ پێشنیارێکیان نەناردووە، ئەوکاتە رەنگە بڵێن با سیستمی ئێستا وەکو خۆی بمێنێ، بەگوێرەی پێشنیار و گفتوگۆکان بڕیاری خۆمان دەدەین."