Ramal Abdullah
22 تشرینی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2015
بەدلیس
ئەمساڵ ژمارەیەکی دیاری هەنگەوانان شانە هەنگوینەکانیان نەبردە کوێستان، بەهۆی نەهاتنی زۆربەی بازرگانانیش بۆ شار فرۆشتنی بەرهەمی هەنگوین رووی لەکەمی کردووە.
سەرۆکی یەکێتی هەنگەوانان لە بەدلیس مەدەنی ئاڤجیل بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە رووداوەکانی ئەم دوایە لەناوچەکە کاریگەریی نەرێنی هەبووە بەسەر هەنگەوانییەوە، گوتی: "بەهۆی ئەو رووداوانە لەسەدا ٤٠ -٥٠ بەرهەمی هەنگ کەمی کردووە. لەناوچەکە ماوەیەک ئارامی و ئاشتەوایی هەبوو، هەنگەوانان کام کوێستانیان پێ باش بووایە روویان لەوێ دەکرد. بەدڵخۆشی بەرهەمی شانە هەنگەکانیان دەبڕیەوە، بەهۆی رووداوەکانی ناوچەکە، بەرهەمی هەنگوین بەدەست هەنگەوانانەوە ماوەتەوە. بەهۆی ناسەقامگیری ئەمن و ئاسایش ئەو بازرگانانەی بۆ کڕینی بەرهەمی هەنگوین دەهاتن، ئەمساڵ نەهاتوونەتە پارێزگاکەمان. بەرهەمی هەنگوین بەدەست هەنگەوانانەوە ماوەتەوە و هێشتا دەستنەکراوە بەفرۆشتنی".
ئاڤجیل رایگەیاند بەهۆی ئەوەی هەنگەوانان ناتوانن قەرزی بانکەکان بدەنەوە دووچاری کێشە بوون، جەختی لەوە کردەوە کەپێویستە پێش هەموو شتێک ئەم شەڕ و پێکدادانانە بوەستێنرێن تاکوو لەرووی ئابوورییەوە ناوچەکە بکەوێتەوە جووڵە، گوتی: "هیوادارین هەنگەوانان بەفرۆشتنی بەرهەمەکانیان، هەم پارەی تێچوو و هەمیش قەرزی بانکەکان بدەنەوە".
ئاڤجیل ئەوەی بیرخستەوە کە لەساڵانی رابردوو هەنگەوانان بە بەرهەمەکانیان بەشداری پێشانگای فرۆشتنی بەرهەمی گیانلەبەرانیان دەکرد، داوایکرد لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەمساڵیش بەو کارە هەڵستن. تا بەو شێوەیە هەنگەوانان بتوانن بەرهەمەکانیان بفرۆشن.