Rewa Mahmut Hasan
06 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 06 نیسان 2016
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەبۆنەی رۆژی پارێزەرانەوە پێشوازیی لە کۆمەڵێک پارێزەر کرد و گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرەتا ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە پارێزەران سەرکردەی کۆمەڵگە و نوێنەرایەتی هەستەکانی خەڵک دەکەن و گوتی: "ئێمە ئەوە دەزانین کە لە ژێر ناوی نووسینگەی پارێزەرییدا ژمارەیەک بەناو پارێزەر بوونیان هەیە و وەک یەکەیەکی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستیی کار دەکەن، لەمەدا هیچ گومانێکمان نییە. هەمان دۆخ بۆ ناسنامەی هەریەک لە رۆژنامەوانیی، ئەکادیمیستی، دکتۆری راستە. وەک دەبینن هاوشێوەی ئەوەی ماوەی رابردوو، دەگوترێت 'لەبەر ئەوەی ئەکادیمیستە با بێ دەستگیرکردن دادگایی بکرێت' ئەگەر تاوانبار بێت و دادگا بڕیاری لەوبارەیەوە دابێت، ئەوە دەبێت بە دەستگیرکراوی دادگایی بکرێت''.
دواتر ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوەی ئەمڕۆ بووە بە بەڵا بەسەر تورکیاوە خاڵی هاوبەشی هەموو دۆخەکان ئەوەیە کە ئەم گەل و جوغرافیایە لەگەڵ ئەوانەدا ناگونجێن.
ئەردۆغان لە درێژەدا گوتی: "بیروباوەڕی میللەتەکەیان کردە ئامانج، سەرنەکەوتن، ویستیان بمانکەنە دوژمنی رابردوو ئەویش سەری نەگرت. هەوڵی کۆمەڵێک یارییان دا لەمەڕ مەزهەب و ئەتنیک، لەوەشدا سەرکەوتوو نەبوون، هەوڵی دروستکردنی فیتنەی نێوان ئەتنیکەکانیان دا و ویستیان هێرش بکەنە سەریان، لەوەشدا ئەنجامێکیان بەدەست نەهێنا، لە دوای ٢٠١٣ەوە ئیدارەیەکی نوێ هاتە کایەوە".
ئەردۆغان گوتی: "هەریەک لە رووداوەکانی پارکی گەزی، هەوڵی پێکهاتەی هاوتەریب بۆ کودەتا، ئەو کەشەی کە پێش حەوتی حوزەیران دروست کرا، دەستکردنەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی بە چالاکییەکانی، لە رووکەشدا وا دەردەکەوێت کە رووداوگەلێکن پەیوەندییان بەیەکترییەوە نییە بەڵام لە بنەڕەتدا هەموویان دیمەنە یەک لەدوای یەکەکانی هەمان شانۆیین''.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا ئەردۆغان ئاماژەی بە رووداوەکانی پارکی گەزی دا کە سەرەتا بە بڕینەوەی دارێک دەستی پێ کردبوو هاوکات بەبیانووی پاراستنی ژینگە ئەو خۆپیشاندانەیان دەست پێ کرد و دواتر لەڕێیەوە هێرشیان کردە سەر خودی ئەردۆغان کە ئامانج لێی دروستکردنی ئاژاوەیەک بوو، لەو بارەیەوە ئەردۆغان گوتی: "ئەوانەی بەدڵێکی سافەوە بەشدارییان لە خۆپیشاندانەکاندا کرد تێگەیشتن کە ئەمە پەیوەندی بە پارکی گەزییەوە نییە، لەو کۆدە تێگەیشتن کە دەڵێت پرسەکە پارکی گەزی نییە تۆ بۆ هێشتا تێ ناگەیت؟".
ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتێکدا سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بووە ئەو بە ملیۆنان نەمام و داری چاندووە.
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان ئاماژەی بەوە دا کە چەتەکانی ناپاکی هاوتەریب "جەماعەتی گیولەن" دەستیان کردووە بە هێرش کردنە سەر تەواوی پرۆژەکان و تەواوی ئامانجەکانی وڵاتەکەی و گوتی: "لە دوایین سەردانماندا بۆ ئەمریکا ئەوەمان بینی کە چۆن ئەم پێکهاتەیە لەگەڵ ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی و چالاکەوانانی ئەرمەنی دەست لەناو دەستن، هەستمان بەمە کرد. ئێمە زۆر باش دەزانین ئەندامانی پێکهاتەی هاوتەریب لە جیهانی بیرۆکراسیدا، لە دونیای کاردا، لەنێو رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا، چۆن خۆیان مات داوە و لەهەر دەرفەتێکدا کە بۆیان هەڵکەوێت، رق و کینەی ناخیان، دوژمنایەتییان، دەڕێژن. پێویستە هەمیشە لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بین لەبەرامبەر ناپاکی، درۆ، ریاکاری، دووروویی، ساختەچێتی، نەبوونی کەسایەتی، کە لەلایەن ئەندامانی ئەم پێکهاتەیە ئەمانە لە باڵاترین ئاستدایە.هیچ جیاوازییەک نییە لە نێوان هەریەک لەو ئەکادیمیستە رووکەشەی هاوکاری تیرۆرە، ئەوەی کە سیخوڕەی بە ناسنامە رۆژنامەوانە، ئەو چالاکەوانەی لە بەرگی سیاسەتمەدار دایە، ئەو چەکدارەی ناونیشانی کارمەندی دەوڵەتە، لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەی کە بە فەرمانی رێکخراوی تیرۆریستیی دەجووڵێنەوە و چەک و بۆمبیان بەدەستەیەوە. دیسان ئەو گورگانەش کە لە پێستی مەڕدا خۆیان شاردووەتەوە، لەگەڵ رێکخراوی تیرۆریستیدا خزمەت بە هەمان ئامانج دەکەن".
سەرکۆماری تورکیا لە کۆتاییدا گوتی: "لەوبارەیەشەوە پێویستە وەکو گەل، ئاگامان لەخۆمان بێت. ئێمە ناچار نین هیچ کەسێک لە کۆڵمان بکەین کە ناپاکی بەرامبەر بە دەوڵەت و گەلەکەمان دەکات. هێزە ئەمنییەکانمان خەباتیان لە دژی تیرۆر بە سەرکەوتوویی، بە گیانفیدایی و هەستیارییەوە درێژە پێ دەدەن''.