Abdullah Shukur
18 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 19 کانوونی یەکەم 2016
ترابزۆن
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆکی رووسیا ڤلادیمیر پوتین تاوتوێی تراژیدیای شاری حەلەب و دواپێشھاتەکانی سووریایان کرد.
بەپێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا بەدەستکەوتوون، ئەردۆغان پێش گەڕانەوەی لە شاری ترابزۆنەوە بۆ ئیستانبوڵ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین ئەنجامداوە.
لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا ھەردوو سەرۆک تاوتوێی تراژیدیای شاری حەلەب و دواپێشھاتەکانی سووریایان کرد. ھاوکات جەخت لەسەر لابردنی بەربەستەکانی بەردەم گواستنەوەی خەڵکی سڤیل لە شاری حەلەب کراوە.
ھەردوو سەرۆکەکە ئاماژەیان بەوە کردووە کە پێویستە چارەسەری سیاسی دەستەبەر بکرێت و ھەوڵی گەیاندنی ھاوکارییە مرۆییەکان چڕ بکرێتەوە.
ئەردۆغان و پوتین دووبارە تاوتوێی کۆکردنەوەی نوێنەرانی رژێم و ئۆپۆزسیۆنی سووریایان لە کازاغستان کردووەتەوە.
راشگەیەنرا کە پوتین ئیدانەی ھێرشە تیرۆریستییەکەی شاری قەیسەری کرد و پەیامی سەرەخۆشی پێشکەش بە گەلی تورکیا کردووە.