Salih Bilici,1 23
28 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 29 کانوونی دووەم 2018
ئەنقەرە - AA
لە میانی بەشداریکردن لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزتۆنیدا جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ تاوتوێی پێشهاتەکانی کرد.
بەکر بۆزداغ تیشکی خستە سەر ئەوەی کە لەمەودوا تورکیا تەنها تەماشای گوتار ناکات، بەڵکو لەگەڵ گوتاردا تەماشای کرداریش دەکات و گوتی: "ئەگەر هات و ئەو دووانەی یەکیان گرتەوە، ئەوا هیچ کێشەیەک بوونی نییە. تا ئێستا بەداخەوە، ئەو بەڵێنانەی کە ئەمریکا بە تورکیای داوە لەگەڵ ئەو کردارانەی ئەنجامیداوە، یەکیان نەگرتووەتەوە. هەر کردارێک بەڵێنێكی بە درۆخستەوە کە درابوو''.
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ جەختی لەوە کردەوە تورکیا رێگە بە هیچ جۆرە بەرەوپێشچوونێک نادات کە رێگە بۆ بە دەوڵەتبوونی پەکەکە لە ناوچەکە خۆش بکات یان لە رێگەی بە دەوڵەتکردنییەوە هەوڵ بدرێت کە سوپایەکی تیرۆری بۆ درووست بکرێت و گوتیشی: "لە کاتێکدا کە مایەی هەڕەشەیە بۆ سەر سنوورەکانمان، ئاسایشی سەر و ماڵی ئەو هاووڵاتییانەمان لەناودەبات کە بەدرێژایی هێڵی سنووری دەژین و پەلاماری سەرباز، پۆلیس و هێزە ئەمنییەکانمان دەدات. جا لە پشت ئەو هەوڵەوە هەرکەسێک بوونی هەیە بۆ ئێمە گرنگ نییە و ئێمە بەرەنگاریی دەستەویەخەی لەگەڵدا دەکەین''.
بۆزداغ سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا کە تاکو بەرپرسانی ئەمریکا واز لە پشتگرییەکانیان بۆ ئامانجەکانی پەیەدە نەهێنن و هەموو پلانەکانیان لەوێ هەڵنەگرن و رێکخستنەکان لێکهەڵنەوەشێننەوە، ئەوا ئەوان ئەو پلانانە دابەش دەکەن و ئەو رێکخستانانە لێکهەڵدەوەشێنین و منبج و رۆژهەڵاتی فورات لەوان پاک دەکەینەوە.
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، بەکر بۆزداغ ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون بریتی نییە لە بەدەستهێنانی خاک و گوتی: "چونکە ئێمە چاومان لە خاکی هیچ وڵاتێک نییە. ئامانجی ئەم ئۆپەراسیۆنە داماڵینی ناوچەکەیە لە تیرۆر و کردنییەتی بە شوێنێکی پارێزراو. ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی یەکپارچەیی خاکی سووریا، سەروەریی، یەکێتیی سیاسیی و رێزگرتن لە دەوڵەتی سووریا جێبەجێ دەکرێت و هەر بەو شێوەیەش دەبێت''.
بۆزداغ لەبارەی لێدوانەکانی بەرپرسانی جەهەپەشەوە گوتی: "ئەوەی جەهەپەییەکان دەیکەن جگە ئاوکردنە ئاشی پەکەکە بۆ بێبایەخکردن و هەوڵدان بۆ نیشاندانی سوپای سووریای ئازاد وەک داعش هیچی دیکە نییە، ئەو زمانە زمانی تیرۆرە".