Zana Natık Kerem
28 ئادار 2018•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2018
نیویۆرك ــ AA
جێنشینی سعوودیە، محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز لە میانی سەردانەكەی بۆ نیویۆرك لەگەڵ سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس كۆبوویەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا، محەمەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز رایگەیاند، وڵاتەكەی و ئیمارات 930 ملیۆن دۆلار وەك یارمەتی مرۆیی بۆ ئەو هەوڵانەی نەتەوە یەكگرتووەكان پێشكەش دەكەن كە بە ئامانجی كەمكردنەوەی نەهامەتییەكانی گەلی یەمەن خستووەیەتیەگەڕ و گوتی: "سعوودیە لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان كار دەكات لە پێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە هاوبەشەكانی هەردوو وڵات".
جێنشینی سعوودیە ئەوەشی گوت "بە پێی توانا، هەوڵدەدەین رێگەیەكی گونجاو بۆ چارەسەكردنی كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدۆزینەوە، هەروەها لەگەڵ نەتەوە یەكگرتووەكان هەوڵەكانمان بە ئامانجی بەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی هەردوو وڵات دەخەینەگەڕ".
لای خۆیەوە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنتۆنیۆ گوتیرێس ستایشی ئەو یارمەتییانەی كرد كە سعوودیە بە ئامانجی كەمكردنەوەی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن پێشكەشی دەكات.
هاوكات وەزیری دەرەوەی سعوودیە، عادل جوبەیر رایگەیاند كە وڵاتەكەی مافی خۆیەتی، وەڵامی هەڵوێستە دوژمنكارییەکانی ئێران بداتەوە.
عادل جوبەیر ئاماژەی بەوەدا كە جێنشینی سعوودیە و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە میانی كۆبوونەوەكەیاندا، رەوشی یەمەن و ئەو رۆڵەی كە سعوودیە بە ئامانجی كەمكردنەوەی قەیرانی مرۆیی لە یەمەن دەیگێرێت، تاوتوێ كردووە.
وەزیری دەرەوەی سعوودیە باسی لەوەشكرد كە لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەی نێوان جێنشینی وڵاتەكەی و سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان، باس لە ئاراستەكردنی مووشەكی بالیستی ئێرانی لە لایەن حووسییەكانەوە بۆ سەر سعوودیە كراوە و دووپاتی كردەوە كە سعوودیە مافی خۆیەتی لە كاتی گونجاودا، وەڵامی دوژمنكارییەکانی ئێران بداتەوە.
رۆژی یەكشەممەی رابردوو، هێزی بەرگری ئاسمانی سعوودیە، مووشەكێكی بالیستیی لە باكووری رۆژهەڵاتی ئەو ولاتە تێكشكاندبوو كە لە لایەن حووسییەكانەوە ئاراستەكرابوو.