Mazın Asad
15 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2016
عەنتاب
دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات و پاککردنەوەی شارۆچکەی جەرابلوس لەدەست رێکخراوی تیرۆریستی داعش، تاکو ئێستا ھەزار و ٩٠٠ سووری کە پێشتر پەنایان بۆ تورکیا بردبوو، بۆ جەرابلوس گەڕاونەتەوە.
سوورییەکان بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە خۆشحاڵن بە گەڕانەوەیان بۆ جەرابلوس. ھاووڵاتیانی سووری ماوەی شەش ساڵە بەھۆی شەڕوپێکدادانی وڵاتەکەیانەوە پەنایان بۆ تورکیا برد و ئێستاش لە سێیەم رۆژی جەژندا داواکارییان بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ زێدی خۆیان پێشکەش بە پارێزگای عەنتاب کردووە.
دوای وەرگرتنی رەزامەندی پارێزگای عەنتاب و رێکاری یاسایی لە بەڕێوەبەرایەتی فەرمانگەی کۆچی عەنتاب و ھۆڵی وەرزشی کارکامش، تاکو ئێستا ھەزار و ٩٠٠ سووری بۆ جەرابلوس گەڕاونەتەوە کە زۆربەی لە ئافرەت و منداڵن پێکدێن.
پاش کۆنترۆڵی ئاسایش لە دەروازەی سنووری کارکامش، سوورییەکان بۆ جەرابلوس گەڕانەوە.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری کۆچی عەنتاب ئۆکتای باخچەجی لە لێدوانێکی بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند بەھۆی ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فوراتەوە سوورییەکان بۆ وڵاتەکەیان گەڕاونەتەوە.
باخچەجی ئاماژەی بەوەش دا کە ھێشتا گەڕانەوە بۆ جەرابلوس درێژەی ھەیە و گوتیشی: "لەگەڵ کارمەندانی ئێشکگر داواکارییەکان جێبەجێ دەکەین. ئەوانەی دەیانەوێت بۆ جەرابلوس بگڕێنەوە، کاری پێویست دەکات و دواتر بۆ خاکەکانی خۆیان دەگەڕێنەوە. ئەمڕۆ ١٠٥ کەس تیپەڕبوون. لە ماوەی حەوت رۆژدا ھەزار ٩٠٠ کەس گەڕاوەتەوە".