Aylin Dal
18 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 19 ئادار 2021
ئەنقەرە- AA
سەرداواکاری گشتیی تورکیا، بەکر شاهین سکاڵانامەیەکی ٦٠٩ لاپەڕەیی بۆ داخستنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) ئامادە کردووە و تیایدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە پێناو پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی تورکیا و ئاسایش و خۆشگوزەرانی کۆمەڵگادا، پێویستە هەدەپە دابخرێت و تەواوی سەرچاوە داراییەکانی پارتەکەش ببڕدرێن.
باس لەوەشکراوە کە سەرجەم بەڵگەکان ئەوە نیشان دەدەن کە هەدەپە باڵی سیاسیی و یاسایی پەکەکە/کەجەکە-یە، هۆڵەکانی کۆنگرەی پارتەکە پڕن لە وێنەی تیرۆریستان و زیاتر لەوەی کۆنگرەی پارتێکی سیاسیی تیادا بەڕێوەبچێت، پڕوپاگەندەی رێکخراوی تیرۆریستی تیادا دەکرێت.
لە سکاڵانامەکەدا، هاتووە "هەدەپە، تەنها بە پشتیوانیکردنی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە نەوەستاوە، بەڵکو بووەتە بەشێکی ئەو رێکخراوە. لە راستیدا هیچ جیاوازییەک لەنێوان هەدەپە و پەکەکە نییە. ئەم پارتە بە فەرمانی پەکەکە رەفتار دەکات و لەبری ئەوەی لە لێپرسینەوەی گەل بترسێت، تەنها گرنگی بە لێپرسینەوەی پەکەکە دەدات، هەربۆیە هەدەپە بەشێکە لە پەکەکە".