Heman Hussein Yaseen
10 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 11 مای,س 2023
ههولێر - AA
ئەمڕۆ چوارشەممە، بە ئامادەبوونی بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و تورکیا، دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت لە پارێزگای ھەولێر کە سێیەمین دەروازەی نێودەوڵەتیی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیایە کرایەوە.
لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی، مەلا مەستەفا بارزانی وەک نوێنەری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی؛ پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو؛ سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ھەڵگورد شێخ نەجیب؛ کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەولێر، مەولود یاقوت و نوێنەری وڵاتی تورکیا، پارێزگاری ھەکاری، ئیدریس ئەکبیەک دەروازەی نێودەوڵەتیی زێت کرایەوە.
دەروازەکە کە لە سنووری ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناحیەی شێروانمەزنی سەربە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای ھەولێر و لە سنووری تورکیاش دەکەوێتە ناوچەی دێرەجەک سەربە پارێزگای ھەکاری وەک ھەنگاوی یەکەم گەشتیاران دەتوانن ھاتوچۆی پیادا بکەن.
لە میانی بەڕێوەچوونی رێوڕەسمەکە، گوندنشینانی ھەردوولا ھاتبوونە سەر سنوور و لەودیوو تەلبەندی سنوورەکە ھەواڵی یەکتریان دەپرسی و خۆشحاڵ بوون بە کردنەوەی دەروازەکە و توانیان بۆ ماوەیەک یەکتر ببینن.
پارێزگاری ھەولێر، ئومێد خۆشناو بەناوی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد و تیشکی خستە ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ کردنەوەی ئەم دەروازەیە و ستایشی ھەماھەنگییەکانی کۆنسولی گشتیی تورکیای لە ھەولێر کرد لەمبارەیەوە.
ئومێد خۆشناو گوتی: ''ئەمڕۆ لە سایەی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، ھەنگاوێکی دیکە بۆ خۆشگوزەرانی و ئاوەدانی دەچێتە پێشەوە، ھەموو ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ سەقامگیریی و بەرقەراربوونی ئاشتی چڕکراوەتەوە ھەر بۆیەش ئەو شوێنەی رۆژگارێک دوژمن ھەوڵی سوووتاندنی دەدا، ئێستا دەروازەیەکی نێودەوڵەتی لێ دەکرێتەوە''.
گوتیشی: ''بەکردنەوەی ئەم دەروازەیە، جگە لە رەخساندنی ھەلی کار بۆ ھاووڵاتییانی ھەروولا و ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەوا پەیوەندییە وکۆمەڵایەتی کولتوورییەکانیش بەرەو پێشەوە دەبات''.
ھاووڵاتی تورکیا دانیشتووی دێرەجەک لە پارێزگای ھەکاری، حەیدەر سابر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''زۆر دڵخۆشم بە کردنەوەی ئەم دەروازەیە، لەئێستاوە دەتوانین پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانمان پەرەپێبدەین و پێشتر دەبوو بە دەروازەی ئیبراھیم خەلیل ھاتوچۆمان بکردایە، بەڵام ئێستا دەتوانین بە کاتێکی زۆر کەمتر سەردانی خزمەکانمان بکەین''.
یەکێکی دیکە لەو ھاووڵاتییانەی لە ناحیەی شێروانمەزن ھاتبوو، چاوەڕێی خزمەکانی دەکرد لەو دیوو سنوورەوە بێن، زۆر خۆشحاڵ بوو بە کردنەوەی دەروازەکە و وەک ئاسانکارییەک بۆ ھاتوچۆکردنیان باسی لێوە دەکرد.
ھاووڵاتی ئایشە جان بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: ''ھاتووم چاوەڕێ دەکەم خزمەکانم لەودیووەوە بێن، ماوەیەکی زۆرە بەھۆی درێژی رێگا نەمانتوانیووە یەکتر ببینین، کردنەوەی ئەم دەرەوازەیە مایەی خۆشحاڵی ئێمەیە''.
دەروازەکە ئەمڕۆ بە فەرمی کرایەوە و لە قۆناغی یەکەمیشدا بەھۆی تەواونەبوونی رێگاکە تەنها گەشتیاران دەتوانن ھاتوچۆ بکەن و بەتەواوبوونی رێگاکەش قۆناغی دووەم دەست پێ دەکات کە بریتییە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەنێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا.
دەروازەکە نزیکەی ٦٠ کیلۆمەتر لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دوورە، لەودیوویشەوە تا شەمزینان ٨٠ کیلۆمەتر دوورە و دهبێته تاكه دهروازه كه پارێزگای ههولێر به توركیا دهبهستێتهوه.