Ferdi Türkten
21 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 21 ئادار 2023
ئەنقەرەر- AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ ئەنجامدا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە ئێوارەی دوێنێ ئەنجامدراوە و تیایدا هەردوو سەرۆک باسیان لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کردووە.
سەرۆکی ئیسرائیل، ئیسحاق هێرزۆگ بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزانەوە، پیرۆزبایی لە ئەردۆغان کردووە، لە بەرامبەریشدا سەرکۆماری تورکیا پیرۆزبایی جەژنی پێساحی جولەکەکانی لە هێرزۆگ کردووە کە لە مانگی نیساندا دەگێڕدرێت.
هەروەها سەرکۆماری تورکیا سوپاسی ئەو پشتیوانی و هاوخەمییەی کردووه کە هێرزۆگ لە کاتی بوومەلەرزەکاندا نیشانیداوە، جەختیشی لە پتەو کردنی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ئیسرائیل کردووهتهوه.
سەرکۆماری تورکیا، نیگەرانی خۆشی لە زیادبوونی پەلامار و توندوتیژییەکانی کەناری رۆژئاوا خستەڕوو و جەختی لەوەشکردەوە کە پێویستە رێگا نەدرێت بە هیچ دەستدرێژی و پێشێلکارییەک بەرامبەر پێگەی مێژوویی و رۆحانی مزگەوتی ئەقسا.
ئەردۆغان سوپاسی ئەو هەوڵانەی هێرزۆگ-ی کرد کە تا ئێستا لە پێناوی ئارامی و سەقامگیرییدا خستوویەتییە گەڕ.