Halil İbrahim Sincar
28 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2022
ماردین - AA
شاری ماردین کە بە مزگەوت، مەدرەسە و خانووە لە بەرد دروستکراوەکانی بووەتە یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شارە مێژووییەکانی جیهان، خۆی بۆ پێشوازی جەژنی رەمەزان ئامادە دەکات.
ئەم شارە دێرینە لەپاڵ شوێنەوارە مێژووییەکانی دیمەنێکی سروشتی سەرنجڕاکێشی هەیە و لەئێستاشدا، کەسانێکی زۆر بۆ بەسەربردنی پشووی جەژنی رەمەزان دەیانەوێت بچنە ئەو شارە.
پارێزگار و جێگری سەرۆکی شارەوانی ماردین، مەحمود دەمیرتاش لە لێدوانێکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە دوای پەتای کۆرۆنا کەرتی گەشتوگوزار بوژانەوەیەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و رایگەیاند "رێژەی پڕبوونی هۆتێلەکانی ماردین گەیشتووەتە سەدا ١٠٠. میوانخانەکانیش پڕبوون لە گەشتیار، پێموایە هەم لە کاتی جەژن و هەم دوای جەژنیش ئەمە بەردەوام دەبێت. لەئێستاشەوە رێژەی حجزکردنی هۆتێل بۆ مانگی ئایار گەیشتوەتە سەدا ٩٥. ئەمەش ئێمەی زۆر دڵخۆش کردووە. لەو باوەڕەشدام ئەمساڵ لە شاری ماردین کەرتی گەشتوگوزار بوژانەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت".

مەحمود دەمیرتاش ئاماژەی بەوەش دا کە ماردین بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆری کڵێسا، مەدرەسە، مزگەوت و خانووی مێژووییەوە وەک مۆزەخانەکانی کراوە وایە و ئەمەش بووەتە جێگای بایەخی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی.
مەحمود دەمیرتاش پەیامێکیشی ئاڕاستەی وەبەرهێنەران کرد و رایگەیاند "وەبەرهێنەرانی ماردین و دەرەوەی ماردین بانگێشت دەکەم بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لەم شارە. بەڕاستی وەبەرهێنان لێرە کەرتێکە کە ئایندەیەکی زۆر باشی هەیە".
- "ناتوانین جێگا بۆ زۆربەی میوانەکانمان دابین بکەین"
سەرۆکی رێکخراوی گەشتوگوزار و ئوتێلەکانی ماردین، ئۆزگور گورگۆر لە لێدوانێکیدا ئەوەی ئاشکرا کرد کە حاڵی حازر لە شارەکەدا، ٥٤ هۆتێل هەن کە توانای میوانداریکردنی ١٢ هەزار کەسیان هەیە، دروستکردنی هۆتێلی نوێش بەردەوامە.
ئۆزگور گورگۆر باسی لەوەش کرد کە ئەمساڵ ماردین لە رووی گەشتوگوزارەوە بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆوەبینیوە، ئاماژەی بەوەشدا کە ئامانجیانە ئەمساڵ میوانداری یەک ملیۆن گەشتیار بکەن.
گوتیشی: "بۆ مانگی ئایار، رێژەی گەشتیار بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات و لەئێستاوە رێژەی گرتنی هۆتێلەکان گەیشتووەتە سەدا ١٠٠. خواستێکی زۆر لەسەر ماردین هەیە تەنانەت لە ئەورووپاشەوە خواستێکی زۆر هەیە. هاتنی پشووی جەژنیش خواستەکانی زیاتر کردووە. بەجۆرێک کە دەتوانم بڵێم لەئێستادا جێگە نەماوە و ناتوانین لە هۆتێلەکاندا جێگا بۆ زۆربەی میوانەکانمان دابین بکەین".

- ژمارەی کارمەند و ئۆتۆمبێلی گەشتەکان زیاد کراوە
وەیسەل شەکەر نوێنەری ئاژانسێکی گەشتوگوزارییە و باس لەوە دەکات کە بەهۆی زۆری خواست لە جەژنی رەمەزان و دوای جەژنیشدا ژمارەی کارمەند و ئۆتۆمبێلی گەشتەکان زیاد کراوە.
شەکەر، ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەناوەوە و دەرەوەی تورکیا، بەتایبەت لە ئەمریکا و کۆریای باشوورەوە، خواستێکی زۆر هەیە بۆ سەردانکردنی ماردین، گوتیشی: "بەڕاستی ماردین شارێکە کە پێویستە هەموو کەسێک بیبینێت".
- "چاوەڕێی هەمووانین"
ئێسرا چیچەک، بەڕێوبەری هۆتێلێکی ماردینە کە ٤٢ ژووری تیادایە و توانای میوانداریکردنی ٨٣ کەسی هەیە لە لێدوانێکیدا ئەوەی خستەڕوو کە تەواوی ژوورەکانی هۆتێلەکە پڕبوون و رایگەیاند "لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە خواست لەسەر هۆتێلەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. لە جەژنی رەمەزانیشدا فشارێکی زۆر لەسەر هۆتێلەکان دروست دەبێت. لە زۆر زووەوە هۆتێلەکان گیراون. ئەمەش ئێمەی زۆر دڵخۆش کردووە و چاوەڕێین گەشتیاران سەردانمان بکەن".