Mehmet Akif Parlak,Mohammed Baqi Hussein
29 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2017
عه‌نتاب - AA
وه‌ستاكانی پاقلاوه‌ی عه‌نتاب كه یه‌كه‌م به‌رهه‌می توركییه له لایه‌ن یه‌كێتیی ئه‌ورووپاوه تۆماركرابێت، به جۆش و خرۆشه‌وه ده‌ستیان به ئامادهکارییهكانی جه‌ژن كردووە.
وه‌ستاكان كه ده‌یانه‌وێت بڕی داواكراو تا هاتنی جه‌ژن ئاماده بكه‌ن، ماوه‌ی كاركردنی رۆژیان له 8 كاتژمێره‌وه كردووه به 12 كاتژمێر.
وه‌ك هه‌میشه ده‌ست به ناردنی پاقلاوه بۆ سه‌رتاسه‌ری توركیا كراوه و له‌مساڵدا وه‌ستاكان سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی بڕێكی زیاتر پاقلاوه‌ن كه له ده‌ره‌وی وڵاتیش داواكراوه.
وه‌ستای پاقلاوه، عومه‌ر فاروق چیفتچی له لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، هاتنی جه‌ژن به‌واتای زیادبوونی كاره‌كان دێت لای ئه‌وان.
عومه‌ر فاروق چیفتچی ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه به‌م دواییه خه‌ڵكی له ده‌ره‌وه‌ی وڵاتیش به ئۆنلاین داوای پاقلاوه ده‌كه‌ن.
عومه‌ر فاروق چیفتچی گوتی: "ئێستا سه‌رجه‌م كارگه‌كانی شیرینی له عه‌نتاب به‌چڕی كارده‌كه‌ن. رۆژانه نزیكه‌ی 60 تۆن پاقلاوە له‌م شاره‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێت. ئێمه‌ش كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین داواكاریی كڕیاره‌كانمان جێبه‌جێ بكه‌ین. هه‌نارده‌مان بۆ ده‌ره‌وه به‌زۆری بۆ ئه‌مریكا، قوبروسی توركی و سعوودیه‌یه و بۆ نزیكه‌ی 20 وڵاتی ده‌نێرین".
سه‌رۆكی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پاقلاوه‌ی چه‌له‌بی، ئۆغوڵڵاری مه‌همه‌ت چیفتچی رایگه‌یاند، چه‌ند رۆژێكی كه‌می ماوه بۆ جه‌ژن و كاره‌كانی ئه‌وان له‌وپه‌ڕی چڕیدایه.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه گرنگترین تایبه‌تمه‌ندیی پاقلاوه‌ی عه‌نتاب ئه‌وه‌یه كه هه‌ویره‌كه‌ی زۆر ته‌نكه، كه‌ره‌ی ساده و فستقی ناوچه‌كه‌ی تیادا به‌كاردێت و گوتی:
"ئێره له رووی خواردن و شیرینیدا پێگه‌ی پایته‌ختی هه‌یه. به جۆرێكه كه ناوی فستق و پاقلاوه له‌گه‌ڵ ناوی عه‌نتابدا ده‌برێت. به گشتی كاره‌كانمان باشه. به‌ڵام له جه‌ژن و رۆژه تایبه‌ته‌كاندا زۆر چڕتره. ئێستا هه‌موو كارگه‌كان به‌خێرایی كارده‌كه‌ن. هه‌مووان سه‌رقاڵی ئاماده‌كردنی ئه‌وه‌ن كه داواكراوه لێیان".