ئەنقەرە
ئەو زنجیرە كتێبە تایبەتییەی ئاژانسی ئانادۆڵو كە لە ژێر ناوی (ئانادۆڵو لەوێ بوو) ئامادە و پێشكەشكراون، بۆ فرۆشتن نیین، بەڵكو پێشكەشی بەرپرسانی دەوڵەت و ئەو كەسانەی كە كۆلكسیۆنی كتێبیان هەیە دەكرێن و لەو كتێبانەدا كە بە ژمارە چاپ كراون، لەسەریان ئاماژە بەوە كراوە كە بۆ كێ دەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو كە بەم ساڵانەی دوایی گرنگی بە هەواڵدهری نێودەوڵەتی داوە، ئەو هەواڵانەی كردووەتە كتێب و لەو چوارچێوەدا لە سێ وڵاتی جیهان كە ئانادۆڵو رووبەڕووی كێشە و گرفتی زۆر بووەتەوە و شایەتحاڵی رووداوەكان بووە، ئەرشیڤی خۆی لە ژێر ناوی (ئانادۆڵو لەوێ بوو) وەكو كتێب بڵاوكردەوە.
یەكەم كتێبی ئەو زنجیرەیە كتێبی ئەو شۆڕشەی بەنیوەچڵی ماوەتەوە (میسر). ئەو كتێبە بیرەوەرییەكانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە كاتی رووداوەكانی میسرە بەتایبەتی رووداوەكانی مەیدانی رابیعە. هەر لەو كتێبەدا وێنەكانیش كە لەلایەن وێنەگری ئاژانسی ئانادۆڵوەوە گیراون، بڵاوكراونەتەوە بەتایبەت وێنەكانی تایبەت بە هێرشە خوێناوییەكان بۆ سەر خۆپیشاندانەكانی مەیدانی رابیعە. هەر لەو كتێبەدا باس لە چۆنێتی دەركەوتنی ئیشارەتی رابیعە دەكات كە لە سەرانسەری دونیادا بڵاوبۆتەوە و بۆ جاری یەكەم زۆر بە بەرفراوانی باسی ئەو ئیشارەتە دەكات. بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی ئانادۆڵو كەمال ئۆزتورك لەو بەشەدا ئەوەی بەچاوی خۆی بینیویهتی، باسی لێوە كردووە و بۆ جاری یەكەم وێنەی ئەوانەی كە ئیشارەتی رابیعەیان دۆزیوەتەوە تۆمار كراوە و لەو بەشەدا بڵاو كراوەتەوە.
كتێبی گەمارۆ، شەڕ و بەرخۆدان (غەزە)، دووەمین كتێبی ئەو زنجیرەیەیه. ئەو كتێبە بیرەوەرییەكانی پەیامنێرانی ئاژانسی ئانادۆڵو کە لە نزیكەوە رووماڵی رەوشی غەزەیان كردووە. لەم كتێبەدا باس لە رۆحییەتی خەڵك لە ژێر بۆردمانەكاندا كراوە و لەم كتێبەیشدا كەمال ئۆزتورك لە ژێر ناوی دیپلۆماسی و هەواڵدەری لە ژێر بۆردماندا، ئەوەی بە چاوی خۆی بینیویهتی باسی لێوە كردووە.
لە كتێبی فەڵەستینیشدا چەندین وێنەی تایبەتی كە لەلایەن وێنەگری ئاژانسی ئانادۆڵویەوە گیراون، بڵاوكراونەتەوە و باس لە رۆحییەت و مەعنەویاتی ئەو پەیامنێرانە دەكرێت كە شایەتی رووداوەكانی شوجاعییە و غەزە و هێرشە خوێناوییەكان بوون.
كتێبی سێیەمی ئەو زنجیرەیە تایبەتە بە شۆڕشی سووریا كە لە ژێر ناوی (ئەو وڵاتهی هەتیو کەوتووە) ئامادە كراوە. ئەم كتێبە لەلایەن 30 پەیامنێر و سەرنووسەرەوە لە شەش بەشی جیاجیادا ئامادە كراوە، كتێبەكە لە مێژووی سیاسی سووریاوە دەستی پێ كردووە و هەتا ئەمڕۆ هاتووە و باس لە تراژیدیا و بارودۆخی ئاڵۆزی ئەو وڵاتە دەكات.